سەردێر

پەڕلەمانی عیراق بەهای دۆلاری جێگیر كرد و دەگاتە 150 هەزار دینار

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرەڕای بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عیراقەوە، بەڵام تا ئێستا ئاستی دۆلار نەگەیشتۆتە ئەو نرخەی دیاریكراوە و شارەزایەكی بواری ئابووری و ژمێریاری ڕایدەگەیەنێت، كە دوای پەسەندكردنی بودجەی 2021 نرخەكە لەو ئاستەدا جێگیردەبێت و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “لە بودجەدا بەهای دۆلار دەستكاری نەكرا و بەو نرخە بەرزە هێڵرایەوە”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كراوە لەلایەن لیژنەكەوە و نرخی خەمڵێنراوی نەوت لە 42 دۆلارەوە كراوە بە 45 دۆلار، بەڵام بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار وەك ئەوەی حكومەت دیاری كردووە وەك خۆی بە جێگیری هێلِراوەتەوە و دەستكاری نەكراوە.

لای خۆشەوە، محەمەد مەجید، پسپۆڕی بواری ژمێریاری بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نزیكی یەك مانگ پێش ئێستا بانكی ناوەندی عێراقی بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی و بە گۆرینەوەی یەك دۆلاری ئەمریكی بە ١٤٦٠ دیناری عێراقی، ئەم بڕیارە ناجێگیری و شڵەژانێكی گەورەی دروست كرد لە ھەموو بازارەكانی عێراق و خەڵكی تووشی دڵەراوكێ و زیانێكی گەورە كرد.

وتیشی، “سەراڕەی ئەم بڕیارە، بەڵام تا ئێستا بازاڕی دراوەكانی عێراق نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار نەگەیشتووە بە ١٤٦٠ دینار بۆ یەك دۆلار، بەڵكو نرخی یەك دۆلار لە نێوان ١٤٢٠ تا ١٤٤٠ ئاڵوگۆڕی پێكراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر بەراورد لە نێوان یەك مانگی پێش گۆڕینی نرخی دۆلار و ئەم مانگەی پێشوو، كە نرخی دۆلاری لە بانكی ناوەندی گوڕاوە دەبینین بانكی ناوندی لە ماوەی یەك مانگ كاتێك نرخی یەك دۆلار بە ١١٩٠ دینار بوو بڕی زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاری فڕۆشتووە، بەڵام لەم مانگەی نرخی دۆلاری كردوە بە ١٤٦٠ دینار بۆ یەك دۆلار كەمتر لە ١ ملیار دۆلاری فڕۆشتوە واتا زیاتر لە ٣ ملیار دۆلاری كەمتر فڕۆشتوە لە دوای گۆرینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار و ئەو بڕە پارەیە دەتوانرێ سوودی لێ ببینرێ بۆ زیاد كردنی یەدەگی ئەم وڵاتە”.

ئەو پسپۆڕەی بواری ژمێریاری دەشڵێت: “لە ئێستادا ئەو شۆكەی تووشی بازارەكانی عێراق بووە ھۆكارە بەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی دراو كەمترە لە نرخی دۆلار لە بانكی ناوەندی ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تا بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە پەڕلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت و دواتر نرخی دۆلار دەچێتەوە دۆخی ئاسایی بۆ سەروو نرخی بانكی ناوەندی واتا ١٤٦٠ دینار بەرامبەر بە یەك دۆلار”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ھۆكارێكی تر بە ئاڵۆگۆری دۆلار بۆ دینار لە بازاڕی دراو كەمتر لە بانكی ناوەند سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، كە خەڵكی ئەم وڵاتە متمانەی بە بانكەكانی ئەم وڵاتە نیە و لەكاتی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار پارەیەكی زۆر لە دۆلار لە لایەن خەڵكی خرایەوە بازاڕ و ھەندێ لە پێداویستی دۆلاری پڕ كردەوە، كە پێشتر تەنھا بانكی ناوەند ئەو كارەی دەكرد.

محەمەد مەجید، پسپۆڕی ئابووری و ژمێریاری جەختی كردەوە، دوای پەسەند كردنی بودجە لە پەڕلەمان ھەندێ دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و بانكی ناوەندی ڕۆژانە ئەو بڕە پارەیە دەخاتەوە بازاڕ وەك پێشتر.

ڕاشیگەیاند، لە كۆتاییدا پێشبینی ئەوە دەكەین، كە لە ساڵی ٢٠٢١ نرخی دۆلار لە نێوان ١٤٦٠ تا ١٥٠٠ دینار بەرامبەر بە یەك دۆلار بمێنێتەوە ئەگەر عێراق توانای ئەوەی ھەبێ ڕۆژانە زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم بھێنێ و نرخی نەوت لە بازارەكانی جیھان ھەندێ زیاتر بێ لە نرخی ئێستای و زۆر زۆر گرنگە خەرجی خەمڵێندراو لە بودجەی عێراق لە لایەن پەڕلەمان كەم بكرێتەوە”.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق، كە ئێستا لەبەردەم لیژنەی دارایی پەڕلەمانە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەهای یەك دۆلار بە 1450 دینار جێگیر كراوە و لەناو بازاڕیشدا بە 1470 دینار دانراوە، بەو هۆیەشەوە نرخی كاڵا و شمەك لەبازاڕدا بەرزبۆتەوە و زیانێكی زۆری لە داهاتی مووچەخۆران داوە.