سەردێر

نهێنی ئەو كتێبەی جۆ بایدن سوێندی دەستووری پێ‌ خوارد

لە باب و باپیرانیەوە بۆى بەجێماوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ، جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەستی خستە سەر كتێبێكی (ئینجیل)ى تەمەن 127 ساڵە، كە هاوسەرەكەی “جیل بایدن” بەدەستییەوە گرتبووی سوێندی یاسایی خوارد.

ئەو “ئینجیل”ەی بایدن سوێندی دەستووری پێ‌ خوارد مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1893 و ئەستوورییەكەی 12 سانتیمەترە و پێشتریش لەكاتی بوونی بە جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2013 هەر بەو ئینجیل-ە سوێندی خواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی (سكای نیوز عەرەبیە) جۆ بایدن وێنەیەكی ئەو كتێبە پیرۆزەی لە باب و باپیرانیەوە بۆ بەجێماوە، كە بە ڕەچەڵەك ئینگلیزی و ئێرلەندی بوون.

بایدن لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی (بی بی سی) وتویەتی، “ئەو كتێبە میراتێكی خێزانەكەیەتی و هەموو ویستگە گرنگەكانی ژیانی خێزانەكەشی لەبەرگی كتێبەكە پیرۆزەكەدا هەیە وەك ئەو جارانەی سوێندی پێ‌ خواردووە كاتێك بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و هەروەها كە بووە بە جێگری سەرۆكی ئەمریكا.

جۆ بایدن دەبێتە 46هەمین سەرۆكی ئەمریكا و دووەم سەرۆكی كاسۆلیكی لەدوای جۆن ف. كەنەدی، كە ئەویش لە ساڵی 1961 بووە سەرۆك و بە “ئینجیل” سوێندی دەستووری خوارد.

بایدن لە ساڵی 1972 دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە ولایەتی دیلاویر و بە ماوەیەكی كەم تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت و بەهۆیەوە هاوسەرەكەی و كچە 13 مانگەكەی گیانیان لەدەستداوە و كوڕەكەشی بریندار بووە و بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبووە كوڕەكەی لە نەخۆشخانە جێبهێڵێت ڕێگەی پێ‌ دراوە بەو “ئینجیل”ەی هەیەتی سوێند بخوا لەناو ژووری نەخۆشخانەوە.

هاوكات، بو بایدن-ی كوڕی جۆ بایدن ئەو كتێبە پیرۆزەی بۆ سوێندخواردن بەكارهێناوە كاتێك بووە بە داواكاری گشتی لە ولایەتی دیلاوێر، بەڵام لە ساڵی 2015 تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، گیانی لەدەستدا.

لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بایدن زۆر جار باسی ئیمانی خۆی كردووە، كە چۆن لەكاتی ناخۆشییەكاندا ئەو ئیمانەی هەیەتی فریای كەوتووە.

دەستوری ئەمریكا هیچ مەرجێكی دیاری نەكردووە بۆ سوێندخواردن بە كتێبێكی دیاریكراو وەك (قورئان، تەورات، ئینجیل) تەنانەت وێنەی (كیندڵ)ی ئەلیكترۆنی دەستوور، كە سوزی لیڤین، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە سویسرا سوێندی پێ‌ خواردووە لەو كاتەی بووە بە باڵیۆز لە ساڵی 2014 لە سویسرا.

بەپێی ئەو دەقەی لە دەستوور دیاری كراوە، سەرۆكی هەڵبژێردراو بەم جۆرە سوێند دەخوات: “سوێند ئەخۆم، كە پاكوبێگەرد بم لە كارەكانم وەكو سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكان و هەموو ئەوەی لەتوانامدا بێت دەیكەم بۆ پاراستنی دەستووری ولایەتە یەكگرتووەكان و پاراستن و بەرگری لێكردنی، بۆیە ئەی خوای گەورە هاوكاریم بكە”.