سەردێر

بنەماڵەکانی سلێمانی خۆ ڕێکدەخەنەوە

بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی ڕێکخراوێک دادەمەزرێنن

 

سلێمانی – نزار جەزا

خانەوادە دێرینەکانی سلێمانی لەهەوڵی خۆڕێکخستنەوەدان، بەمەبەستی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی تایبەت بەخۆیان، ئەندامێکی دەستەى دامەزرێنەری ڕێکخراوی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی جەخت لەئەوەدەکاتەوە، سلێمانی شارێکی فرە ڕەهەندە و مەبەستیان پێکەوەژیانە و لەڕووی  گەشەی كۆمەڵایەتی و گەشەی كلتور  و ڕۆشنبیرییەوە کاردەکەن.

 

سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونیەوە نزیکی ١١ هەزار کەس تێیدا ژیاوە، بەڵام ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆتە ١٩٧ هێندە و هەزاران خێزان لەدەرەوەی سەنتەری شارەکەوە هاتوونەتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی.

 

بەسروشتی خۆی سلێمانی پێکدێت لەژمارەیەک شار و شارۆچکە، کە ساڵانە لەم ناوچانەوە خەڵک هاتوونەتە ئەم شارە و ژیانیان دەستپێکردووە و وردە وردە دانیشتووانەکەی زیادیکردووە.

لەناو ئەم فراوانبوونەی شاردا خانەوادە دێرینەکانی ئەم شارە فەرامۆشکران و تاکو ئێستا هیچ کۆمەڵەیەکیان نییە، کە ئەم خانەوادانەى تێدا کۆببنەوە، هەر بۆیە ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ناو ئەو خانەوادانە ڕێکخراوی خانەوادە دێرینەکانی سلێمانییان دامەزراند.

 

ئامانجی مامۆستا عومەر، ئەندامی دەستەى دامەزرێنەری ڕێکخراوی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، دەیان مێژووی ئاڵۆزکاو و نادیاری بەبەکارهێنانی چەندان سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و زمانی دیکە ساغکردۆتەوە، کە لەپەڕەی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی ٢٠١٦ەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خەریکی ئەم بابەتەن لەڕێگەی گروپی تایبەتی و پەڕەی تایبەتی سەر بەخۆیان مێژووی خانەوادەکانیان دەخستەڕوو، بەڵام ئەمە زیاتر پێویستی بەڕێکخراوێک بوو، بۆیە هەر بەناوی پەڕەکەیانەوە ڕێکخراوەکەیان دروستکرد و مۆڵەتی فەرمی حکومەتی هەرێمیان بۆ وەرگرت.

باسی لەئەوەشکرد، لەڕووی  گەشەی كۆمەڵایەتی، گەشەی كلتور  و ڕۆشنبیرییەوە کاردەکەن، هاوکات داكۆكی لە بەرژەوەندی خانەوادەكان و دانان و دیراسەكردنی  پەیڕەو و پڕۆگرامێكی ئەكادیمی و زانستی و مرۆیی لەو بوارانەی خزمەت بەتاك و خێزانی خانەوادەكان دەكات لە هەموو بوارێك كە پەیوەست بێت بەژیانیان.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، هیچ عونسوڕیەتێک بەکارناهێنن و جیاوازی لەنێوان خانەوادەکان ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت هەموو ئەو کەسانەى لە سلێمانی دەژین، ئەم ڕێكخراوە كاریان بۆ دەکات لەسەر ئاستی گەشەكردنی خانەوادەكان لەو بوارانەی پەیوەستە  بەژیان و ماف و مێژوویان، و بەپێی پەیڕەو و پرۆگرام  دەتوانرێت لق و نووسینگە لە هەموو شارێك و وڵاتێك بكرێتەوە.

 

وتیشی: ئێمە حەزمان لەپێکەوە ژیانە، ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا بژی ڕێزی لێ دەگرین، سلیمانی فرە ڕەهەندە و لەسەرەتای دروستبوونی سلێمانییەوە لەژمارەیەک شار و شارۆچکە دروستبووە، بەڵام دەیانەوێت لەم ڕێکخراوەدا خانەوادە دێرینەکان کۆبکەنەوە، و فەزڵی کەس نادەن بەسەر کەسی دیکەدا.

میستەر ریچ لەساڵی‌ ١٨٢٠ کە ھاتۆتە سلێمانی واتا (٢٦) ساڵ پاش دروستکردنی‌ شارەکە، ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ بە دە ھەزار کەس خەمڵاندوە، بەجۆرێک سلێمانی (٢٠٠٠) ماڵی‌ ئیسلام. (١٣٠) ماڵە جولەکە (٩) ماڵی‌ دیانی‌ کلدانی‌، ٥ ماڵی‌ ئەرمەنی‌ تیا بووە , کۆی‌ ماڵەکان دەکاتە (٢١٤٤). ئەگەر ھەرماڵێک بە پێنج کەس دابنێین دەکاتە (١٠٧٢٠) کەس.

 

لەدوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو سەرژمێرییەدا، لە دوایین ئاماری ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە بە دوو ملیۆن و ١١٠ هەزار کەس مەزەندە کراوە.