سەردێر
-
خەڵك- ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەكو لیژنەی پەروەردە چەند كۆبوونەوەیەكمان كرد لەسەر بابەت خوێندی ئەلیكترۆنی و ڕاوێژمان زۆر كرد لەگەڵ وەزارەت، وەزیر كە لەگەڵ ئێمە بەردەوام بوو واتە ڕاوێژییان پێمان دەكرد، بەڵام ئێمە وەكو لیژنە هەر ڕاوبۆچوونی خۆمان هەبوو لەسەر ئەو بابەتە، زۆر حەزمان دەكرد پڕۆسەكە لەنێو كامپەس بكرێت واتە قوتابی بچنە ناو هۆڵەكانی خوێندن، چونكە دەزانین لەوێ زۆر باشترە بخوێنن. گوڵستان نهێلی ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەت كۆبووینەوە لەسەر ئەو بابەتە كە ئایا چی بكرێت باشە؟ وەزیری پەروردە وتی" ئەگەر بەدیلێك هەبێت جێگەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بگرێتەوە، پێمان بڵێن وەكو لیژنەی پەروەردە؟" بەڵام ئێمە بینیمان كەمەترسی زۆر زۆرە هەم لەسەر گیانی قوتابیان و هەم لەسەر گیانی مامۆستایان لەبەرئەوە هیچ بەدیلێك نەبوو جێگەی ئەوە بگرێتەوە، چونكە ناتوانیین بڕیارێك بدەین و بەیانی ببێتە شتێكی مەترسیدار بۆ خەڵك. وتیشی"لەدەستپێكی پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ ئەوە نەبووین خوێندن بەئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بێت، بەڵكو لەسەرەتاوە تا كۆتایی دژی ئەو شتانە بووین، چونكە دەزانین بارودۆخی دارایی خەڵك چۆن بوو، واتە ژێرخانێكی باشمان نەبوو لەهەرێمی كوردستان، لەبەرئەوە ئێمە لەگەڵ ئەو شتانە نەبووین، بەڵام ئێستا بووەتە شتێكی تر، دەزانیین تاڕادەیەك سەركەوتوو نییە و ئاستی زانستی زۆر زۆر خراپ بووە، بەڵام شتێكی تر هەیە ئەویش مەترسی لەسەر گیانی قوتابیان زۆر زۆر بووە دەبینین ڕۆژانە قوتابیان تووش دەبن و مامۆستا تووش دەبێت لەبەرئەوە پڕۆسەی خوێندنیش تاڕادەیەك ڕادەوەستێت". سەبارەت بە بڕیاری دەرچوونی گشتی بۆ ئەمساڵ ناوبراو ڕایگەیاند، بڕوا ناكەم بڕیارێكی وەها هەبێت كەقوتابیان هەموویان دەربچن، چونكە بارودۆخ زۆر سەختە بەتایبەت لەپۆلی دوانزە ئەگەر هەموویان داخڵ بكرێن بۆ تاقیكردنەوەكان و دەرچووبن ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا چۆن دەتوانێت ئەو قوتابیانە هەموو لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگرێت. ئاشكراشیكرد، ئێستا بووەتە سیستەمی ئەلیكترۆنی ئەگەر بارودۆخ باش بێت ئینشائەڵا دەچنەوە ناو كامپەس دەخوێنن، بەڵام هێشتا ماوە بڕیار لەسەر ئەو شتانە بدرێت كە ئایا قوتابی هەموویان دەربچێنرێن یان نا؟ چونكە ئێستا بڕیار هاتووە كەئەلیكترۆنی بووەتە ئیجباری تا بارودۆخ باش بێت ئەمساڵ، بەڵكو بتوانن بچنە ناو كامپەس بخوێنن و دووبارە دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكەنەوە.
-
خەڵك بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و كاروباری شارستانیی هەولێر بڵاویكردەوە، 15 هەزار كارتی نیشتمانی گەڕاوەتەوە ئەو هاووڵاتیانەی پەنجەمۆریان كردووە دەتوانن كارتەمانیان وەربگرنەوە. بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و كاروباری شارستانیی هەولێر، ئاگادارییەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە" 15 هەزار كارتی نیشتمانی گەڕاوەتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی پەنجەمۆریان كردووە و سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكەمانیان كردەوە تا ڕۆژی 28-2-2021 ، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكەن". ئاماژە بەوەشكراوە، ڕۆژانە لە كاتژمێر 2ـی پاش نیوەڕۆ تاوەكو 6ـی ئێوارە بۆ پێدانەوەی كارتەكان دەوام دەكەن". لە ئاگاداریەكەدا باس لەوەشكراوە، پێویستە هاووڵاتییان ئەم پێداویستییانە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن: 1- ڕەگەزنامەی عێراقی. 2- پێناسەی باری شارستانی. 3- پسووڵەی وەرگرتنەوەی كارتی نیشتمانی.
-
خەڵك-بەشی هەواڵ نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە. ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ سێ شەممە، 13-4-2021، بەشێوەیەك بووە كە نرخی نەوتی برێنت بە 63 دۆلار و 59 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 59 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە. هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی گروپی ئۆپیك پڵەس لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 500 هەزار لە ڕۆژێكدا.
-
خەڵك ئەندازیارێكی خۆراك لەبارەی ئەو خۆراكانەی كە لە مانگی ڕەمەزاندا لەكاتی پارشێو و بەربانگدا بەسوودن ڕوونكردنەوە دەدات. لەشكر حەمید ئەندازیاری خۆراك بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند:"لە هەردوو ژەمی بەربانگ و پارشێودا شلەمەنییەكان دەبێ بەشێكی گرنگی سفرە داگیربكەن، بەوپێیەی لە وەرزی گەرماداین و جەستە بڕێكی زۆری شلەمەنی بەهەدەردەدات". ئاماژەی بەوەشدا:"میوەی پڕ ئاوی وەك شووتی، كاڵەك، پرتەقاڵ گرنگن بۆ هێشتنەوەی ئاو بۆ ماوەیەكی درێژتر لە كۆئەندامی هەرس". لەشكر حەمید ئەوەشی خستەڕوو:"بڕی 180-250 میللیلیتر شەربەتی سرووشتی بخۆرەوە ، بڕی 500 میللیتر ئاو بخۆەوە بە چەند هەنگاوێك، هەروەها پڕۆتین (هێلكە، كەرە، ماست) بكەرە بەشێك لە ژەمی پارشێو". ئەو ئەندازیارەی خۆراك ڕوونیشی كردەوە:"كافاین مەخۆرەوە (قاوە، چا، خواردنەوەی وزەبەخش) چونكە میزكردن زیاددەكەن و تینوێتی زیاد دەكە، نان كەم بخۆ، چونكە كەم دەمێنێتەوە لە كۆئەندامی هەرس، شیرینییە دەستكردەكان مەخۆ، چونكە بە خێرایی شەكری خوێن بەزدەكەنەوە و دواتر بە خێرایی دادەبەزێت و تووشی بێهێزییەكی زۆر دەبیت".
-
خەڵك لەمەودوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت فەرمانبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییە قەرەباڵغەكان دەوام بكەن ئەگەر خۆیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا نەكوتن. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا وەرگرتنی ڤاكسینی بۆ فەرمانبەرانی هەندێك لە فەرمانگەكان كردووە بە مەرج و ڕایگەیاندووە، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت بە فەرمانبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییە قەرەباڵغەكانی وەك (فەرمانگەی خانەنشینی، هاتووچۆ، پاسپۆرت و باری شارستانی) دەوام بكەن ئەگەر تا 20ی نیسانی داهاتوو خۆیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا نەكوتن. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دەبێت هەموو كارمەندانی تەندروستی لەكەرتی گشتی و تایبەتدا ڤاكسینی كۆرۆنا لەخۆیان بدەن، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێ نادرێت بەردەوامبن لەسەر كارەكانیان، بڕیارەكەش هەموو دەرمانخانەكان و تاقیگەكان و ناوەندە پزیشكییەكان و نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەگرێتەوە.
-
خەڵك دوای ئەنجامدانی توێژینەوە، ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی گەیشتە ئەو ئەنجامەی، ھێزەكانی ئاسمانی سوریا گازی كلۆر، كە چەكێكی كیمیاییە، لە ھێرشكردنە سەر شاری سەراقب لە ساڵی 2018 بەكارھێناوە. ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، تیمی توێژینەوە لە ڕێكخراوەكە"گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی یەكینەكانی ھێزە ئاسمانییەكانی سوریا چەكی كیمیاییان لە سەراقب لە 4ی/شوباتی 2018 بەكارھێناوە". ئەو شارەش دەكەوێتە باشووری حەلەب بەدووری 50 كیلۆمەتر. تیمی توێژینەوەی پەیوەست بەم پرسە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرس لەو ھێرشە كیمیاییەدا، ئاشكرایكردووە: "ھەندێك پاڵنەر و بەڵگە ھەیە" بۆ دەستنیشانكردنی ھێلیكۆپتەرێكی سەربازیی سەر بە ھێزەكانی ئاسمانی سوریا" كە بۆردوومانی ڕۆژھەڵاتی سەراقبی كردووە بەلای كەمەوە بە بەرمیلێك لە ماددەی كیمیایی، بەرمیلەكە تەقیوەتەوە و غازی كلۆری لە پانتاییەكی بەرفراوان بڵاوكردووەتەوە و 12 كەسی پێكاوە". هاوكات، حكومەتی سوریا ڕەتیدەكاتەوە دەستی لە ھێرشەكانی چەكی كیمیایی دا ھەبێت و جەختدەكاتەوە لەوەی چەكە كیمیاییە ئەمباركراوەكانی ڕادەستی سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی كردووە بەپێی ڕێككەوتنێك كە لەساڵی 2013 واژۆكراوە.
-
خەڵك ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ڕایدەگەیەنێت: "سزای لەسێدەرەدان بۆ پێنج تیرۆریست بەتۆمەتی ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی، دەركراوە". نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، دادگای تاوانەكانی كەرخ بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ گەورە تیرۆریستێكی داعش كە بەشداری لە كۆمەڵكوژییەكەی ئەلبونەمر كردووە و بەھۆیەوە ١٧ كەس كوژراون، دەركردووە. ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ڕوونیشیكردووەتەوە:"گەورە تیرۆریستەكە لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٣ لە گرتووخانەی ئەبو غرێب ھەڵاتبوو و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا پەیوەندیی بە داعشەوە كردبوو، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكان، بە پاسپۆرتی ساختە بۆ دەرەوە ھەڵاتبوو، دواجار لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە دەستگیركرابوو و بەپێی ھاوكاریی ئەمنی و ھەواڵگریی نێوان ھەردوو وڵات، ڕادەستی دەسەڵاتدارنی عیراق كرابووەوە". لە ڕاگەیەنراوەكەدا باس لەوەكراوە، دادگای تاوانەكانی سەڵاحەددین، بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار تیرۆریست بەتۆمەتی بەشداریكردن لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شاری تكریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین دەركردووە. لە ڕاگەیەنراوەكە ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە ماوەكانی ڕابردوودا، ئەو چوار تیرۆریستە بەشدارییان لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شاری تكریت-دا كردووە كە بەھۆیەوە كەسێكی مەدەنیی كوژراو و فەرماندەیەكی باڵای ئەمنی لەگەڵ ٣٣ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
-
خەڵك بەتۆمەتی بەشدارییان لە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019 و كوشتنی سەدان خۆپیشاندەر، یەكێتی ئەوروپا ناوی هەشت فەرماندە و لێپرسراوی سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران و قائیمقامێكی خستە لیستی سزاكانەوە. یەكێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019 دا هەشت لێپرسراوی سەربازی و حكومی ئێران خراونەتە لیستی سزاكانی ئەو یەكێتییەوە. یەكێتی ئەوروپا ڕوونیشی كردووەتەوە، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیج، محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزی وشكانی سوپای پاسداران حسێن ئەشتەری فەرماندەی گشتیی پۆلیس، حەسەن كەرەمی فەرماندەی یەكەی تایبەتی پۆلیس، غوڵامڕەزا زیایی سەرۆكی پێشووی زیندانی ئیڤینی تاران و حەسەن شەهسەوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای خوزستان و لەیلا واسقی قائیمقامی شاری قودسی تاران كە ڕۆڵی سەرەكیان بووە لە كوشتاری خۆپیشاندەران خراونەتە لیستی سزاكانی یەكێتی ئەوروپاوە. جێی ئاماژەیە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندان بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە و بە پێی چەند ئامارێك زیاتر لە هەزار كەس لەو خۆپیشاندانانەدا كوژراون و بەهەزارانی تر برینداربوون. هاوكات زیاتر لە سێ هەزار كەسیش دەستبەسەركرابوون، كە بەشێكیان سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرابوو.
-
خەڵك بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماری سێ مانگی لیژنەكانی پشكنین بڵاودەكاتەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، لەماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لیژنەكانیان نزیكەی (١٥٠٠) پشكنینیان بۆ خاوەن مۆڵەتە گەشتیارییەكانی شاری سلێمانی ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا ( ٢٨) شوێن بەھۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكان داخراون. بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوكات لە سێ مانگی پێشووتر دا (٤٦) پسوڵەی سەرپێچی بۆ ئەو خاوەن كارانە كراون، كە كەمتەرخەمیان لە بڕیارەكان كردوە و ھەروەھا لە درێژەی بەسەركردنەوەكانی لیژنەكان دا دەركەوتوە (٢٣٠) شوێن بێ كەم و كوڕی بوون، ئەم ئامارانە لە كاتێكدایە (٢٧٠) خاوەنكار ئاگاداركراوەتەوە بۆ تازەكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان .
-
خەڵك- لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عیراق، زنجیرەیەك بڕیاری نوێی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەركرد. بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن لیژنەكەوە بڵاوكرایەوە"بڕیاردرا بە سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی نیمچە گشتی لە مانگی ڕەمەزان لە كاتژمێر 8ی ئێوارە تا 5ی بەیانی، لە ڕۆژانی هەینی و شەممەشدا قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی دەبێت". هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە"بڕیاردرا لە مانگی ڕەمەزاندا یەك كاتژمێر دەوام كەمبكرێتەوە، دەرمانخانەكان و كۆگاكانی فرۆشتنی خۆراك و سەوزە لەو بڕیارانە بەدەردەكرێن و فڕنەكانیش دەتوانن تا كاتژمێر 7ی ئێوارە كاربكەن". هەروەها بڕیاردراوە ڕێگە بە دەوامی خوێندنی پۆلەكانی یەك و دوو و سێی بنەڕەتی و ناوەندی بدرێت و لەكاتی وانەكاندا لە خوێندنگەكان ئامادەبن.