سەردێر

نەخشەی جیهان دەگۆڕێت و عیراق سودمەند دەبێت

خەڵك-
سەفوان قوسەی، پسپۆڕی ئابوری پێیوایە، نەخشەی جیهان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و عیراق دەتوانێت لەڕووی ئابوری و وەبەرهێنانەوە سود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا وەربگرێت، بەهۆی ئەو تەنگژە سەربازییەی لە ئەورپادا دروستبووە و خۆی لە ناوچەی هاوسەنگیدا ڕابگرێت و ببێتە دەلاقەیەك بۆ هەمەجۆركردنی ئابوری لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان.

 

قوسەی لە لێدوانێكی بۆ میدیا عیراقییەكان ڕایگەیاندووە”حكومەت بەشێوەیەكی بنەڕەتی پێویستی بە تێكڕای نرخی 70 دۆلارە بۆ بەرمیلێك نەوت، لەپێناو پڕكردنەوەی خەرجییەكانی كارپێكردن و وەبەرهێنان، لەسەرو ئەو نرخەشەوە، دەكرێت سودی لێوەربگیرێت، ئەمەش خواستی هاووڵاتییە كە دەیەوێت ئاكامەكەی ببینێت لە ژيان و گوزەرانی ڕۆژانەی”.

بە وتەی ئەو ئابوریناسە”عیراق لەمڕۆدا و بەپێی نرخی ئێستا، ڕۆژانە بە بەهای نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشێت، لەڕێی نرخی خێرای ئەو نەوتەی لەڕێی عیراقەوە دەفرۆشرێت بۆ هەموو گرێبەستەكان، بەو پێیەی ئێمە بەرمیلێك نەوت بە 130 دۆلار دەفرۆشین نەك 140 دۆلار، چونكە نرخی دووەم بۆ گرێبەستەكانی مانگی ئایاری داهاتووە، بەو واتایەی بازاڕ گرەو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكات”.

سەفوات قوسەی پێیوایە”ئەم دەستكەوتە زیادەیە پێویستی بە كردنەوەی دەلاقەی وەبەرهێنان و زیادكردنێتی بەڕێژەی 50% كە لە دە ملیار دۆلار نزیك دەبینەوە كە دەكرێت بەشێكی بۆ یارمەتیدانی چینە فشەڵەكان بەكاربهێنرێت و وەبەرهێنانی تێدا بكرێت بۆ باشكردنی ژیان لە چوارچێوەی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و گواستنەوە كە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پشتگوێخران، پاشماوەكەی تری كە 50%، دەكرێت لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا بخرێتەگەڕ و ببێتە مایەی خولقاندنی داهات، وەك بەندەری فاو یان ڕێگەكانی بەستنەوەی بە بەندەرەكان و دەكرێت ئەو پارانە بۆ بوژانەوەی ئابوری عیراقی بەكاربهێنرێن”.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە ئابورییە”نرخی نەوت لە جیهاندا دەكرێت بەردەوام بێت لەبەرزبوونەوە، بەهۆی ململانێ‌ و تەنگژەكانی ئێستا، ئەمەش دەكرێت سودی لێوەبگیرێت لەڕێی كردنەوەی دەلاقەیەك بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی ئەوروپایی لە جیهاندا بەرەو عیراق، بە تایبەت وەبەرهێنان لە نەوت و پترۆكیمیاییەكان، بەو پێیەی نەخشەی جیهان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و پێویستە ئەم ساتە بقۆزینەوە لەڕێی مانەوە لە ناوچەیەكی هاوسەنگ و بوون بە دەلاقەی هەمەڕەنگی ئابوری لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان”.