سەردێر

لەیادی ٣١ ساڵەی ڕاپەریندا، تەنیا ٣١ بەڵێنتان جێبەجێ بکردایە

لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 ساڵ بە ساڵ، لەم یادەدا بەرپرسان بەڵێنی کوردستانێکی ئارام و ئاسوودە و خۆشگوزەران بە هاووڵاتیان دەدەن، بەڵام ساڵان تێدەپەڕن و تاکی کورد بە ئاواتی هێنانەدی ناوەرۆکی ئەو دێرانەیە کە لە یادی راپەڕین و ئازادکردنی شارەکان دەوترێن و دەبنە وێردی سەرزار.

گەر ٣١ ساڵە ٣١ بەڵێن جێبەجێبکرایە ئێستا کوردستان، ئەو بەهەشتە دەبوو کە هەمووان بە ئاواتی بووین و دوعاخوازی نەمریمان لە یەزدان داوا ئەکرد.

 

گەر بە بەڵێنی بەرپرسانی حزبی و حکومی ئەم هەرێمە بوایە، ئێستا کەس لە سەروو یاسا نەدەبوو، کەس مافی ئەوی دیکەی زەوت نەدەکرد، هەمووان ژیانێکی شایستە دەژیاین، کرێی مۆلیدە و پێوەری ئاوی زیرەک و ئەو هەموو باجە سەپێنراوەی سەرکاسبکاران بوونی نەدەبوو.

گەر بەو بەڵێنانە بوایە، سەرەی دورودرێژی بەنزین بۆ بەنزینی عێراقی وجودی نەدەبوو، کەس لە هاویندا نەوتی زستانی وەر نەدەگرت، کەس چارەکە مووچەو و لێبڕینی مووچەو پاشەکەوتی مووچەو درەنگ کەوتنی مووچەی بەچاوی خۆی نەدەبینی.

گەر لەسایەی ئەم ئازادییەی کوردستاندا، قسەی بەرپرسان هاتبایە دی، کۆچی پێچەوانە ڕووی دەدا و گەنج و لاوی ئەم هەرێمە چەند شارییە نەدەبوونە قوربانی ئاوەکانی ئیجەو سەرمابردەی سەر سنوورەکان نەدەبوون و لەم خاکە خۆیان قوتار نەدەکرد.

31 ساڵە گەر لەو هەموو هاتوو هاوارەی بۆ ڕاپەڕین بەڵێن دەدرێ، گەر 31 گوفتار کرابانە کردار زۆر شت دەگۆڕدرا بۆ نموونە؛

دەستەواژەی دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک ئەرکی سەرشانمانە، هەموو ساڵێک وەک قەوان لێدەدرێتەوە، لە نێو ئەو مافە سەرەتاییانەدا، واز لە سووتەمەنی و ئاو و خۆراک و رێگاوبان  ….هتد، بێنە گەر کارەبا بە نموونە وەر بگرین ساڵانە تەنیا 1 کاتژمێر بۆ سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیادکرابا ئێستا لای تاکی کورد شەو و ڕۆژ دەبووە 31 کاتژمێر و کارەبامان لی زیاد بوو، نەک کەم، بەڵام هەر قسە بوو نەبووە کردار.

یاسا سەروەری، وێردێکی دیکەی سەر زمانی بەرپرسان، کە تەنیا لە یادەکاندا بەرگوێمان دەکەوێت، ئەمەش گەر لەماوەی ئەو هەموو ساڵەدا تەنیا یەک ساڵ بە جددی لەسەر یاسا سەروەری هەڵوەستە بکرایە و یاسا بۆ هەمووان بوایە، ئەو هەموو ژنە نەدەکوژران، کەس لەسەر فوول لایتێک نەدەکوژرا، ئاشکراو بێخەم کەس هەڵی نەدەکوتایە سەر ماڵی ئەوی دی و کەس ئەو هەموو زوڵم و نادادی و کوشت و برەی بەچاو نەدەدی کە بەسەر کوڕ کچ و ژن و پیاوی ئەم هەرێمە هاتووە.

جا ئەوە باسی جێبەجێکردنی یاسا بەسەر گەندەڵکار و بەرتیل خۆر و ئەو هەموو هەڵتۆقیوانە ناکەین کە لەپرێک بوون بەکورێک لەسەر سامانی ئەم میللەتە.

ئێمە ناڵێین هیچ نەکراوە، بەئێستاشەوە حوکمی کوردێک بە رەواتر دەبینین تا عەرەب و فارس و تورکێک، بەڵام ئەوەی کراوە نەدڵ رازی دەکات و نەچاویش تێر، چونکە سامانێکی بێشوومار لەم وڵاتەدا هەیە و سەرو ژێری قوڵپ دەدات لە خێرو بێر، خاکێکی بەفەڕو بەپیت، ئاوێکی سازگارو ڕەوان، دەستی کاری زۆرو زەوەند، سەرمایەی ماددی و مەعنەوی، بەم هەموو هۆکار گەلە ئایا شیاوە خەمی وشکە ساڵی و کەمی بەروبووم و نەبوونی سووتەمەنی و گرانی بەنزین و خراپی رێگاو بان و نەدان و نەبوونی مووچە و بێکاری و بێ بازاڕی و بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ ژێرخانی بخۆین و تەنانەت بەرگەی قەیرانێکی هاکەزاییش نەگرین و بەشی ساڵێک شمەکمان بۆ مەیسەر نەبێت.