سەردێر

شەوی ئیسڕا و میعراج و فەرزبوونی نوێژ

خەڵك-
ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی گەورن و بە موعجیزەی گەورەی مرۆڤایەتی ناسراوە، كە لە یەك شەودا بە سەر محەمەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیاندا پێغەمبەر لە مەككەوە ڕۆشتوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێوە بۆ ئاسمانەكان و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ خوای گەورە ئەنجامدا و نوێژ فەرز كرا.

بەپێی ڕۆژمێری (سعودیە)، ئەمشەو، شەوی 27 لەسەر 28ی شوبات-ی 2022 بەرامبەر بە شەوی 27ی ڕەجەب-ی 1443ی كۆچی، كە لەو شەوەدا و بە ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (كۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە) موعجیزەی (ئیسڕا و میعراج) ڕوویدا.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ئەوقافیی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، ئەمشەو دەبێتە شەوی 27ی ڕەجەب و شەوی (شەو ڕەو- ئیسڕا و میعراج)ی پێغەمبەری ئیسلام، كە گەورەترین موعجیزەی خوای گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەندین مەڕاسیم و كۆڕی ئایینی بۆ ئەم یادە پڕ شكۆیەی پێغەمبەر (د.خ) ئەنجام دەدرێت.

ئیسڕا و میعراج چییە؟
ئیسڕا:
ئیسڕا بریتیە لە سەفەری شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە مەككەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سورەتی (ئیسرا)دا باسی لێ كراوە.

بەشێك دەقی ئایەتەكە بە كوردی ئەمەیە: “پاك و بێسووچە ئەو كەسەی، كە بەندەكەی خۆی لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، كە دەورەكەیمان پیرۆز كردوە، تا ھێندێك لە نیشانەكانی خۆمانی پێ پیشان بدەین”.

میعراج:
میعراج بریتییە لە بەرزبوونەوەی محەمەد ﷺ بەرەو ئاسمانەكان لەگەڵ جوبرەئیلدا، پێغەمبەر ﷺ لەم گەشتەدا لەگەڵ خودادا گفتوگۆی كرد و چاوی بە كۆمەڵێك لە پێغەمبەران و فریشتەكان كەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتووە و لە فەرموودەوە وەرگیراوە.

ئیسڕا و میعراج لە وێژەی كوردیدا:
مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا بەم جۆرە باس لە میعراج دەكات:

ڕێی چەن هەزار ساڵ، تەی چەن حیجابات
زاتی حەق، كەلام، سوئال جەوابات
چوو، بوو، دی، بیستی، كریا، دریاوە
ھاتەوە حەڵقە ھەر دەلەریاوە

مەحوی دەڵێ:
شەو، شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵكوو سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ

چۆن نوێژ فەرزكرا؟
پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ لە شەوی ئیسڕا و میعراجدا بە یاوەری حەزرەتی (جوبڕەئیل) چۆتە خزمەتی خوای گەورە لە (سیدرە) كە جێگایەكە هیچ كەس نەچۆتە ئەو شوێنە تەنها پێغەمبەر ڕۆشتووە ﷺ، بەڵام پێغەمبەر- خوای نەبینیوە، بەڵكو تەشریفات و ئیمتیازێك بوو لەو جێگایەدا درایە پێغەمبەری خوا ﷺ لە گەڕانەوەیدا خوای گەورە نوێژی فەرزكرد لەسەر موسڵمانان.

ئەوەی لە فەرموودە باسكراوە سەبارەت بە گفتوگۆی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ:
پێغەمبەر ﷺ لەو جێگایەدا، كە بە (سدرە المنتهی) لە گفتوگۆیەك لەگەڵ خوای گەورە دەكات.. پێغەمبەری خوا ﷺ، فەرمووی لەو جێگایەدا نەمزانی چی بڵێم لە خزمەتی پەروەردگاردا.. خوای گەورە خستیە دڵم بڵێم: (التحیات المباركات الصلوات الطیبات لله) واتا “سڵاوێك پڕبێت لە پیت و بەرەكەت و باشە كەشایستەی خوای گەورە بێت”، خوای گەورە وەڵامی پێغەمبەری دایەوە ﷺ فەرمووی: (السلام علیك أیها النبی ورحمە الله وبركاته) واتا “سڵاو لە پێغەمبەر بێت و ڕەحمەت و بەركەتی خوا بەسەرتەوە بێت ئەی محمد”.. پاشان فریشتەكانی، كە گوێیان لەم گفتوگۆیەی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ بوو ئەوانیش فەرموویان (السلام علینا، وعلی عباد الله الصالحین) واتا “ئەو سڵاوی پڕ پیت و بەركەتەش لە ئێمەی فریشتە و چاكەخوازن بێت لە چەكەخوازنی سەرزەوی بە پیاو و ژنەوە”.. ئیتر لەو كاتەوە سرودی نیشتیمانی و ئاینی و دینداری موسڵمانان بووبە بەم سرودە یەكتاپەرستیە بە یەك دەنگ لە ئاسمان و زەویدا ئەوەی موسڵمانە هاواریان كرد..( أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمداً ڕسول الله).

ئایا پێغەمبەر ﷺ وەك لایەنی مەعنەوی چۆتە خزمەت خوای گەورە یان بە جەستەش؟
ئەهلی (سوننەت و جەماعە) پێمان وایە، كە بە دڵنیایەوە بە لاشە و جستەی سەرتاپا تەشریفی بردوە بەروە ئاسمان و بۆ قودس-یش هەروەها، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە، كە ئەگەر وانەبێت موعجیزەكە ئەوەندە گەورە نەدەبوو، چونكە، كە دەڵێن موعجیزەیە دەبێت هەموو مرۆڤ و تەنانەت بونەوەری خوای گەورە لەبەردەم ئەو معجیزەیەدا دەستەوستان بن.