سەردێر

زیلینسکی لە کۆمێدیاوە بۆ تراژیدیا

خەڵک

پێشتر هیچ سەروکارییەکی لەگەڵ دنیای سیاسەتدا نەبووە، جەنەراڵێکی خانەنشینی سوپاش نەبووە، هیچ لە تاکتیکی جەنگ نازانێ، بازرگانیش نەبووە و لەهیچ رێکخستنێکی حزبیشدا ئەندام نەبووە، پۆستی حکومیشی نەبووە تا بە هۆیەوە ببێتە کەسی یەکەمی وڵات، کاری ئەو تەنها وەستان بووە لەبەردەم کامێرادا و ڕۆڵبینین بووە لەدراماو فیلمە سینەماییەکاندا… ئەو ڤلۆدمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینە.

دوای بڕیاری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی لە 25-2-2022  ئەم سەرۆکە گەنجە زیاتر دەرکەوت و ئاشنای جیهان بوو.

زیلینسکی لە ئاخاوتنەکانیدا هۆشداری دەدات، بەرامبەر ئاگادار دەکاتەوە، هانا دەبات و لەخەمی هاووڵاتیانیدا ڕیشێکی تەنکی هێشتووەتەوە و لەماوەی چەند رۆژی جەنگی سەر وڵاتەکەیدا سرەوتی نەبووە و بە دەستێک جلی رەنگ زەیتوونی سەربازییەوە وەک داکۆکیکار و پاڵەوانی وڵاتێک کەناڵەکانی راگەیاندنی داپۆشیوە.

زیلینسکی، لە ساڵی 1978 لە خانەوادەیەکی یەهودی لە شاری کریڤی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین لە دایک بووە،باوکی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە تەکنەلۆجییەکانی پەیمانگەی کریڤی و دایکیشی ئەندازیار بووە، پاپیرەی زیلینسکی، لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهاندا یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی نێو ریزی سووپای یەکیتی سۆڤیەتی جاران بووە و سێ کەسی خانەوادەکەی لە هۆلۆکۆستی نازییەکاندا تیاچوون.

زیلینسکی لە کاراکتەرێکی دیاری کۆمێدیاوە ئیستا ڕۆڵ لە تراژیدیاترین فیلم دا دەبینێت، کە سیناریۆکەی وڵاتانی زلهێزەو لە وڵاتەکەیدا ڕۆڵ دەگێڕێت و بە چاوی کامێرای جیهان وێنەدەگیرێ و لە شاشەی ماڵەکانی هەمووماندا فیلمی ئازارەکانی نیشتمان و هاووڵاتیانی نمایش دەکرێت.

 

ئەم سەرۆکە گەنجەی ئۆکراین دەرچووی بەشی مافە لە زانکۆی کێیڤی نیشتمانی، بەڵام بۆ رۆژێکیش بەرجەستەی ڕۆڵی پارێزەرایەتی نەکردووە و خەونی گەورەی ئەو، هۆڵەکانی سینەماو سەر شانۆ بوو. ناوبراو لە تەمەنی 17 ساڵیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاورێکانی گروپێکی کۆمێدیا بۆ نمایشی شانۆیی بە ناوی (کڤارتال) دادەمەزرێنن و چەندین نمایشی ناوازە پێشکەش دەکەن.

 

لە سییەکانی تەمەنیدا و لە ساڵی 2008 یەکەم ڕۆڵ لە بواری سینەمادا دەبینێت کە ڕۆڵی پاڵەوانی فیلمێکی کۆمێدییە بە ناوی خۆشەویستی لە شارێکی گەورەدا. بەشی زۆری ئەو فیلمانەی زیلینسکی ڕۆڵی تێدا بینیون دەرهێنەرەکانیان رووسی بوون. ئەستێرەی زیلینسکی کەتێک گەیشتە ئەوپەڕی درەوشانەوە کاتێک لەگەڵ هاورێکانی دەستی دایە بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بەناوی خزمەتکاری گەل، کە خۆی لەسێ بەشی 51 زنجیرەییدا دەبینییەوە و ئەم ناوە دواتر بووە ڕەمزی بانگەشەکانی ڤلۆدمیر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکراین و گرەوی سەرۆکایەتی وڵاتی پێبردەوە.

ئێستا ڤلۆدمێر رۆڵی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی دنیا دەبینێتەوە کە رووسیایە، ناوبراو شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک و لەپێناو وڵاتەکەیدا تیدەکۆشێت، تەنها و بێ پشتیوان ماوەتەوە و هەر ڕۆژە بەشێکی وڵاتەکەی دەکەوێتە بن دەستی ورچە سپییەکە.