سەردێر

یاساکان پاڵپشتی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ ناکەن

hawrda w hanardakaran

خەڵك

ئاستی هاوردەکردنی کاڵا زیاتر لە هەناردەکردنی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە، وتەبێژی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، یاساکان پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ ناکەن.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوام لە فراوانبووندایە، ساڵانە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە تورکیا و ئێرانەوە کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە پێچەوانەوە لە ئاستێکی ئەوتۆدا نییە.

بەختیار محەمەد، وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەوڵەکان هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە زۆرن، بەڵام ئاسان نییە.

“بەم شێوازەی ئێستا هەیە کارێکی تا ڕادەیەک زۆر زەحمەتە، چونکە دەبێت یاسا و ڕینماییەکان گۆڕانکارییان تێدابکرێت، ئەو یاسایانەی هەیە پاڵپشتی تەواوی بەرهەمی ناوخۆ نییە”.

ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە پێناو پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتیان گومرگ لەسەر بەشێک لە کاڵا هاوردەکراوەکان کەمکراوەتەوە یاخود لابراوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەهۆی گرانی تێچوونی بەرهەمی ناوخۆ، بەرهەمە ناوخۆییەکە ناتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی دەرەکی بکات.

بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ، بەختیار محەمەد ئەوەی خستەڕوو لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەکییان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەناردەکردنی کاڵا ئامادەکردووە و دراوە بە وەزارەتی بازرگانی و ئەنجومەنی باڵای ئابوری، تا بەرهەمی ناوخۆی پەرەی پێبدرێت و پاڵپشتی بکرێت تا بتوانێت بگاتە ئاستی هەناردەکردن.

لەبارەی قەبارەی هاوردەکردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەوەی خستەڕوو لە کۆتایی ساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕ دەخەنەڕوو، بەڵام لە ڕووی ڕیزبەندییەوە، تورکیا پلەی یەکەم لە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئێراق، دواتر ئێران، چین، وڵاتانی ئەوروپا، لە پلەی پێنجەمیشدا وڵاتانی ئەندۆنیسیا و مالیزیا کە کاڵاکانیان بۆ عێراق هاوردەدەکەن.