سەردێر

چارەنووسی ٦٠ کۆچبەری کورد ئاشکرا دەکرێن

خەڵک-

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رەتیدەکاتەوە ٦٠ کۆچبەری کورد لە دورگەی کیثرای وڵاتی یۆنان بێسەروشوێن بووبن و دەڵێت:”تەواوی کۆچبەرەکان لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانەوە دەستگیر کراون”.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویکردووەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیرخواردنی زیاتر لە ٦۰ کۆچبەر لە دورگەی کیثرای وڵاتی یۆنان کە لە ٨/١٣ بەڕێکەوتون لە وڵاتی تورکیاوە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، بە هۆی تێکچونی بزوێنەری یەختەکەیان لە ٨/١٧ ناچار بوون لە دورگەی کیثرا بوەستن و لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی دورگەی کیثرا دەستگیردەکرێن و دواتریش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەهەمان کاتدا هەواڵی بێسەرو شوێن بوونی چەند کۆچبەرێک لەهەمان یەخت بڵاوبووەوە، بەڵام بە پێی بە دواداچونەکانی نوێنەرانی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان هیچ کەسێک بێسەر و شوێن نەبووە و تەواوی کۆچبەرەکان لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانەوە دەستگیر کراون.

دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی وتەی وەزیری پەنابەران لە یۆنان ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوو رۆژی رابردودا گەیشتونەتە دورگەی کیثیرا لە یۆنان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی داخراوی ئەمیگدەلێزا کە ١٥كم لە شاری ئەثینای پایتەختەوە دوورە، دوای تۆمارکردنی ناوەکانیان و داواکردنی مافی پەنابەری بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ رۆژ لەوێ دەمێننەوەو پاشان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئاسایی.

دەزگای لوتکە ڕاشیگەیاند:”لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دیپۆرتکردنەوە، بەڵام هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەر بۆ دیپۆرت نەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە و تەواوی کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە ئاگاداردەکەینەوە کە بەهۆی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا ناتوانن ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکاربهێنن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوکان دەگوازرێنەوە کەمپی ئاسایی”.

May be an image of 12 people, people standing, road and tree

May be an image of 16 people, people sitting, people standing, tree and outdoors





هەلبژاردە

گرنگترینەکان