سەردێر

“پێشمەرگەی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە كوردستان”

خەڵك-

سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، دەڵێت” نە هەڵبژاردنی دواوەخت نە هەموو هەڵبژاردنەكان هیچ شتێك لەمەسەلەی عێراق ناگۆڕن، دەشڵێت” كورد ئەو كاریگەریەی نییە كە لەبەغدا بتوانێت هەڵبژاردن پێشبخات یان دوایبخات.

دەربارەی نمایشە سەربازییەكەی حزبەكەیان، محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، ” ئەم دۆخە ناجێگیرە كە هەیە لەناوچەكەدا ئێمەش وەكو كورد پێوێستمان بەوە هەیه،‌ چونكە كە زانیان هێزمان هەیە شەڕمان لەگەڵ ناكەن و نایەنە سەرمان، بەڵام ئەگەر ئێمە هەرخۆمان بشارینەوە ڕەنگە ئەوكاتە جۆرێكی تر بێت، پێشمەرگەی حزبی پارتی سۆشیالست ئامادەیە بۆپاراستنی هەرێمی كوردستان و بەرگری كردن لە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان هەركاتێك پێویست بێت لەژێرفەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەربارەی ئەو كاردانەوانەی سەبارەت بەو نمایشە سەربازییە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” هەندێك خەڵكی بێ ئیشە لەو وڵاتەدا هەندێكیشی هەر حەز بەوەدەكات دەربكەوێت لەڕاگەیاندنەكان هەندێكیشی ڕق لە دڵە پێموایە زۆبەی ئەو كەسانەی دژی حیزبی سۆسیالستن یان كاتی خۆی حیزبی سۆسیالیست لێی كوشتون یان كەسوكاریان لەگەڵ ڕژێمی بەعس بوون كوژراون بەدەستی سۆشیالیستەكان دەبێت شتێك بووبێت ئەگەرنا هیچ كەسێك دژی حیزبی سۆشیالست نییە”

لە سەرەتای قسەكانیدا سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتی” سەدر دوای ئەوەی كە زانی چوارچێوەی هەماهەنگی هیچی پێنەكرا ئینجا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، یاخود داوای گۆڕینی سیستەم دەكات بەڕای ئێمە نەهەڵبژاردنی پێشوەخت و نە هەڵبژاردنی دواوەخت نە هەموو هەڵبژاردنەكان هیچ شتێك لەمەسەلەی عێراق ناگۆڕن، عێراق بەوشێوەیە چۆن بووە هەروادەبێت چونكە عێراقێكی تائیفیە و ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات زۆربەی زۆری خۆی بەلێپرسراو دەزانێت كەسیش دەسەڵاتی نییە لەبەغداد.

ئایا كورد دەبێت چی بكات و لایەنگری كام بۆچونەیان بكات هەڵبژاردنی پێشوەخت یاخود لەگەڵ هەڵبژاردندا نەبێت؟
لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی” پێوایە كورد ئەو كاریگەریەی نییە كە لەبەغدا بتوانێت هەڵبژاردن پێشبخات یان دوایبخات، چونكە لە 329 ئەندامی پەرلەمان كورد 64 ئەندام پەرلەمانی لەبەغداد هەیە واتە ناتوانێت كاریگەری هەبێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت سیستەم بگۆڕن و دەستور دەستكاری بكەن كورد دەتوانێت لەم دۆخەدا بە بەرنامەیەكی نوێ یەكەم یەكگرتوویی ماڵی كوردی و كوردستانی زۆر گرنگە كورد بە یەكدەنگ و بە یەك هەڵوێستی سیاسی بڕواتە بەغداد لەگەڵیاندا قسەبكات جگه ‌لەوەش كورد دەتوانێت لەم دۆخانەدا خۆی نەبێتە بەشێك لە شیعە و سونە، بەڵكو كورد لە دەرەوەی ئەوان بێت، بەڵام پرۆژەیەكی بۆخۆی هەبێت كاتێك كە ئەوان هەڵبژاردنی پێشوەختیان كرد پێموایە كە دەبێت دەستكاری یاسای هەڵبژاردن بكرێتەوە هەندێكیان داوای یەك بازنەیی دەكەن لەعێراقدا ڕەنگە كۆمەڵێك پێویستی هەبێت جگەلەوانە ئەوكاتە كورد بەرنامەیەكی هەبێت. ”

 

بە بڕوای محەمەدی حاجی مەحمود پارتی و یەكێتی دەگەنە ڕێككەوتن، لەو ڕووەوە محەمەدی حاجی مەحمود وتی”من پێموایە یەكێتی و پارتی دەگەنە ئەنجام، ئەوانیش هەستدەكەن كە دۆخێكی هەستیارە نەك تەنها لەعێراقدا، بەڵكو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو كێشە و گیروگرفتەكان ڕووی لە هەموو ناوچەكە كردووە عێراق وەكو عێراق نابێتەوە بەعێراق، ئەوەتا سوپای توركیا لەعێراقدا، فڕۆكەی دنیا دێت بەسەر عێراقدا دەسوڕێتەوە كەس نازانێت كێیە و بۆ كوێ دەڕوات واتە ئێستا هیچ بڕیارێك لەناو عێراقدا نادرێت، بەڵكو لەدەرەوەی عێراق دەدرێت بۆیە عێراق تەنها ڕێگەیەكی ئەوەی هەیە دەبێت لە كۆنفیدڕاڵیدا یاخود عێراق دابەشبكرێت بە سێ بەشەوە . ”

” نمایشە سەربازییەكە ”

سەبارەت بە نمایشە سەربازییەكەیان لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیاندا، سكرتێری پارتی سۆسیال پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت”یەكەم ئەو پێشمەرگانەی ئێمە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیه،‌ وەكو دەزانرێت ئەو پێشمەرگانە لەشەڕی داعشدا لەڕیزی پێشەوەی بەرگری بوون لەخەڵكی كوردستان و ناوچەكە، ئەوە یادی 46 ساڵەی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش مانۆڕ نەبووە مانۆڕی سەربازی ئەوەیە كە چەكی تێدا بەكاربهێنرێت بەڵكو نمایشێكی پێشمەرگەبووە و نمایشێكی سەربازی بووە ئەوانەی كە باسی ئەو قسانە دەكەن بابچن ئامۆژگاری خۆیان بكەن باشترە، چونكە ئێمە پێویستمان بە ئامۆژگاری ئەوان نییە. ”