سەردێر

هەولێر، پۆلیس تۆمەتبارێكی مەترسیداری دەستگیركرد

خەڵك-
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە 19 ماتۆڕسكیلی كاسبكارانی بە زەبری چەك دزیوە، لەگەڵ ئەمەشدا تۆمەتبارەكە چەكی بێمۆڵەتی هەبووە و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەریش بوە؟

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بڵاوكرایەوە”لەماوەی رابردوودا چەند گرتە ڤیدیۆییەك، لە چەند پەیجێك و كەناڵێكی راگەیاندن بڵاوبوەوە، كە تێیدا كەسێك بە زەبری چەك ماتۆڕسكیل لە كەسی كاسپكار دەدزێت، لەكاتی بینینی گرتەكەوە، ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام بوین بۆ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرابكەین و شوێنی حەوانەوەی بدۆزینەوە كە دیار نەبوو”.

بە وتەی هۆگری عەزیز”دوای هەوڵێكی زۆر توانیمان ئەو شوێنەی كە تۆمەتبارەكەی تێدابو دیاری بكەین، دواتر پێویست بو تیمێك دروستبكەین بۆ دەستگیركردنی، چونكە تۆمەتبارەكە چەكی بەكاردەهێنا، بۆیە هەر وەك ئەوەی پێشبینیمان كردبو، لەكاتی دەرچونی تیمەكە بۆ دەستگیركردنی، بەرەنگاریان بۆوە و كارمەندێكی ئێمەش برینداركردبو، بەڵام هەر توانیمان دەستگیری بكەین و دەست بەسەر چەكەكەیدا بگیرێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”تیمێكی لێكۆڵینەوە، لێكۆڵینەوەیان لە تاوانبارەكە كردوە، دانی بە حەوت تاوانی دزیدا ناوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە زیاتر لە 19 تاوانی دزیكردنی بە زەبری چەك ئەنجامداوە، ئەمانەی دەیڵێین سەرجەمیان بە گرتەی ڤیدیۆیی تۆماركراوە،”

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت”تۆمەتبارەكە، تەمەنی 30 ساڵە، خەڵكی هەولێرە و هەر دانیشتوی ئەو شارەشە، جگە لەو تاوانە، بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەریش بوە، پەڕاوی بۆ كراوەتەوە ورێكارە یاساییەكانمان بەرامبەری بەردەوامن”.

هۆگر عەزیز،لەبارەی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری تر ڕایگەیاند”ماوەیەك بەر لە ئێستا ئافرەتێك كە خەڵكی بەغدا بو و دانیشتوی شاری هەولێر بوو و پیشەی پزیشكە، دەیەوێت گەشت بكات، جانتاكەی لەبەردەرگای ماڵەكەی دادەنێت، دو كەس بە ئۆتۆمبێلێكەوە دەچنە بەردەم ماڵەكەی و جانتاكەی دەبەن و دەڕۆن، دوای ئەوەی ئافرەتەكە هاتە لای ئێمە و داوای یاسایی تۆماركرد، توانیمان ئەو دو تۆمەتبارە دەستگیربكەین و دانیان بەوەدانا كە جانتاكە بڕی(10 هەزار) دۆلاری ئەمریكی تێدابوە و لەبەر ئەو هۆكارەش دزیویانە”.