خەڵک-
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم رایگەیاند “داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی هەیە بۆ دابینكردنی موچە و پێشێلكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لەكارەكانیان رابوەستن”.
ئەمرۆ سێشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمـی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایکرد “كەرتی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستاندا هەنگاوی گەورەو گرنگی ناوە بەرەو بەدامەزراوەیی و راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تا دێت بەهێزتر دەبێت”.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا ئەوەش هاتووە کە “هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز و خزمەتگوزاریی نەوتی و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی كاركردنیان لەهەرێمی كوردستان بەڵگەی روون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژییە سەركەوتووانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەبواری نەوت و گازدا پەیڕەوی دەكات”.
ئاماژەش بەوەشکراوە “لەنێوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا داهاتی نەوت رۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی موچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە، بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لە كێڵگە و كۆمپانیاكانی نەوت و گازدا سەدان هەلی كار بۆ گەنجان دابینكراون”.
باس لەوەش کراوە کە “سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم کەرتە گرنگەدا وایكردووە ناحەزانی گەلی كورد چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لە پلانی دوژمنكارییانەدا بن بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی موشەكی”.
راشیگەیاند “دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە ماددە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە نەبوونی (یاسای نەوت و گازی حكومەتی عێراقی فیدراڵ) بوو بەوەی فشاری لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز كردووە و داوای لێكردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکشدا هاتووە “ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیبەكانی فیدراڵیەت و عەقڵیەتی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا یەك ناگرێتەوە، ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عێراق نەك هەر كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان نەكردووەو نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لەكارەكانی رابوەستن”.