سەردێر

“خوێندنی ژنان و کچان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە”

خەڵک-

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێـم رایگەیاند “بارودۆخی ژنان و کچان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەدە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە”.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێـمی کوردستان و ریتا کۆلۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، رووپێوی بارودۆخی کۆمەڵاتی و تەندروستیی ژنان لە هەرێمی کوردستان خرایەروو و تێیدا دکتۆر دارا لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، ئاشکرایکرد “رێژەی خوێندنی ژنان و کچان بریتییە لە ٩٣.٤٪ لەکەرتی گشتی و ٥،١٪ لە کەرتی تایبەتی”.

هەروەک، وەزیری پلاندانان داوای لە وەزارەت و دامەزراوەکان کرد بە گرنگییەوە کار لەسەر ئەو داتا و ئامارانە بکەنکە دەستەی ئاماری هەرێم پێ هەڵساوە و بیکەن بە سەرچاوەیەکی گرنگی کارکردنیان”.

لەو بارەیەوە وتی “وەک وەزارەتی پلاندانانیش هەمیشە هەوڵمانداوە داتا و نیشاندەری نوێ بخەینە بەردەستی وەزارەتەکانی دیکە، تاوەکو لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە سیاسەتەکان وبەرنامەکانی گەشەپێدان دابنرێن لەگەڵ هەماهەنگیکردن لە نێو وەزارەتەکاندا”.

وتیشی “لەم رووپێوەدا هەوڵدراو تیشک بخرێتە سەر ئەو بوارانەی تایبەتمەندن بە باری هاوسەرگیری پێش تەمەنی ١٨ ساڵی و ١٥ ساڵی، خوێندن، کارکردن، کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر خانمان، توندوتیژی بەرامبەریان وهۆکارەکانی توندوتیژی، خەتەنە کردنی ئافرەتان و ژنان، وەرگرتنی خزمەتی تەندروستیی پێش مناڵبوون و بابەتی جیابوونەوە وهۆکارەکانی دواتری”.

ڕاشیگەیاند “لەڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە تەواوی ئامار و داتای کارلەسەرکراو ئامادەکراوە و دواتر پێشکەشی لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت”.