سەردێر

دامەزراندن بۆ دەرچووانی دوو بەش ڕاگەیەندرا

خەڵك-

وەزیری کشتووکاڵی هەرێم رایگەیاند “هەفتەی داهاتوو فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری دابیندەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا گەورەترین ناوەندی توێژینەوە و فێرکاری و بەبازاڕکردنی کشتوکاڵیی لە هەرێـمدا دەکەینەوە”.

ئەمڕۆ سێشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتووکاڵی حکومەتی هەرێـمی کوردستان لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، هەلی کاری دامەزراندنی بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی هەردوو بەشی کشتوکاڵ و ڤێرتێرنەری راگەیاند و لەو بارەیەوە ئاشکرایکرد “دەرچووانی دانەمەزراوی ئامادەیی و پەیمانگا و کۆلێژی بەشی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری دەتوانن هەفتەی داهاتوو لە رێکەوتی 3/7/2022 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی دامەزراندن”.

وتیشی “دەرگای ناوتۆمارکردن بۆ ماوەی یەک مانگ کراوە دەبێت و دەرچووان بە پێی پسپۆڕییان لە هەردوو بەشی کشتووکاڵی و ڤێتێرنەرییدا فۆڕمیان پێ دەدرێت”.

ئاشکراشیکرد، “کار دەکەن بۆ بابەتی دەستەبەری خانەنشینبوون بۆ ئەو کارمەندانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن تاوەکو بتوانن بە چەشنی کارمەدانی کەرتی حکومی لە بابەتی دەستەبەری خانەنشیندا سوومەند بن و هەمان مافی خانەنشینبوونیان هەبێت”.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، ئاماژەی بەوەدا “سەرقاڵی پرۆژەیەکی دیکەین کە بڕیارە لە مانگی نۆدا رایبگەیەنن سەبارەت بە کردنەوەی گەورەترین ناوەندی توێژینەوە و فێکرکاری و بەبازاڕکردن لە هەموو بوارەکانی کەرتی کوشتوکاڵیدا لە هەرێـمی کوردستاندا”.