سەردێر

تا ئێستا نزیکی ٣٥ شەپۆلی خۆڵبارین ڕوویداوە، بەم زووانە ئەم شەپۆلەش کۆتایی دێت

خەڵك

ئێوارە ئەمڕۆ خۆڵبارین کۆتایی دێت، پلەکانی گەرما لەمڕۆ و سبەیدا بەرزدەبنەوە، تا ئێستا لە کەشناسی سلێمانی نزیکی ٣٥ شەپۆلی خۆڵبارین تۆمارکراوە.

ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە تۆزی هەڵواسراوە، بەهۆی کاریگەریەکانی بای ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوایە، ئەمڕۆ کاریگەرییەکەی بەراورد بە دوێنێ کەمبووەتەوە، ئاستی بینین حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر زیادی کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە کاتی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە نامینێت.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزە زانی سلێمانی بە (خەڵك) ڕاگەیاند، کاریگەری ئەو شەپۆلە لە هەرێمی کوردستان بەرەو تەواو بوون دەچێت، بەڵام لە ناوەڕاست و خواروی عێراق وەک سەڵاحەدین و تکریت تەپوتۆز هەر هەیە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تا ئێستا نزیکی ٣٥ شەپۆلی خۆڵبارین تۆمارکراوە، کە هەندێکیان ڕەنگە هاوڵاتیان هەستیان پێنەکردبێت بەڵام ئەوان تۆماری دەکەن، ئەوەش دەخاتەڕوو، چەند جۆرێک لە خۆڵبارین هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تەپوتۆزی بەرزبووەوەیە لەگەڵ ئەو خۆڵەی لەگەڵ با دێت.

بە گشتی هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا کاریگەری بای ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای لەسەرە، ئەو ناوچانەش وشکن، لەبەر ئەوە زۆرجار ئەو بایە لەگەڵ خۆیدا تەپوتۆز دەهێنێت، ئەوەش بەپێی ئاستی باران بارینی وەرزی زستان دەگۆڕێت، تا لە ساڵەکەدا بارانی زۆرتر هەبێت، خۆڵبارین کەمتر دەبێت.

هاوکات بەپێی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما سبەینێ بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەم جۆرە دەبێت، سلێمانی ٢٤ بۆ ٣٦ پلەی سلیزی، هەولێر ٢٧ بۆ ٣٧ پلەی سلیزی، دهۆک ٢٤ بۆ ٣٥، هەڵەبجە ٢٧ بۆ ٣٨ پلە، کەرکوک ٢٧ بۆ ٣٩ پلەی سلیزی.

بەڵام لە سبەینێدا پلەکان بەرزدەبنەوە، هەولێر ٣٨ پلە، سلێمانی ٣٨، دهۆک ٣٦، هەڵەبجە ٤٠، کەرکوک ٤١