سەردێر

پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە وەزیرێکی بانگهێشت کرد

خەڵک-

پەرلەمانی کوردستان لەسەر خستنەرووی بابەتە گشتییەکان کۆبووەوە و لەو بارەیەوە چەندین پرس و پرۆژە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە هاتنە بەر باس و هاوکات وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەنجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23/6/2022، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سازکرد و خراپی رێگاکانی هاتوچۆ لە هەرێـمی کوردستان یەکێک بوو لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا هاتنە بەر باس و رێگای هاتووچۆی کەلار – سلێمانی وەک نموونە باسکرا کە ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆی تێدا دروست دەبێت و داواکرا ئاورێکی کارای لێبدرێتەوە و کار بۆ چاککردنی بکرێت.

هەروەک باس لە داهاتی ناوخۆ و گومرگەکانی هەرێـمی کوردستان کرا و داواکرا داهاتەکەی ئاشکرا بکرێت بۆ پەرلەمان و رای گشتی و کار بکرێت تاوەکو چیتر داهاتەکانیان لە نێوان حیزبەکانی دەسەڵاتدا دابەشنەکرێن.

هەروەها پرسی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم خرایەروو و داواکرا مامۆستایان و فەرامانبەرانی زانکۆکانی هەرێم مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت لەو رووەووە.

پرسی لێبووردنی گشتی، کەمئاوی ناوچە جایاجیاکانی هەرێـم بە گشتی و شارۆچکەی چەمچەماڵ بە تایبەتی، یاداشتی تایبەت بە مامۆستایانی وانەبێژ و فەرامانبەرانی گرێبەستی هەرێم و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان، کواڵێتی خراپی رێگاوبانەکان و باڵەخانەکانی هەرێـم هاتنە بەر باس و داواکرا بەڵێنەکان دەربارەیان جێبەجێبکرێن و لیژنەی تایبەتیان بۆ پێکبهێنرێن.

هەروەها باس لە پرۆژە یاسای تایبەت بە گەشتوگوزار کرا و ئەو راستیە خرایەروو کە چاککردنی رێگاوبانەکانی هەرێم رۆڵی کارای هەیە لە باشتر خستنەرووی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێـمی کوردستان.

هاوکات، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەنجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری لیژنەیەکی وەزارەتەکەی، ئامادەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بوو.