سەردێر

دەستپێشخەرییەکی بارزانی چاوەڕوانی رەزامەندیی سەدرە

خەڵک-

چەند سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی لە بەغداد و هەولێر رایانگەیاند “دەستپێشخەرییەکی نوێ لە لایەن مەسعود بارزانی لە ئارادایە لە پێناو کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییەی عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت کە چاوەڕوانی پەسەندکردنی سەدرە”.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید) بڵاویکردەوە کە چەند سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی لە بەغداد و هەولێر رایانگەیاند “مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێشخەرییەکی سیاسیی نوێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی وڵاتەکە، لە پێناو جێبەجێکردنیشیدا چاوەڕوانی پەسەندکردنە لەلایەن موقتەدا سەرد، رێبەری رەوتی سەدرەوە”.

سەرچاوەکان وردەکاری ئەم دەستپێشخەرییەیان نەخستەروو کە بڕیارە هەفەتەی داهاتوو ئاشکرا بکرێن، بەڵام لەسەر زاری بەرپرسێکی کورد ئاشکرایان کرد “دەستپێشخەرییەکە دوایین هەلە کە دەبێت رەزامەندی لەسەر بدرێت پێش ئەوەی روو لە بژاردەی تر بکرێت وەك کۆبوونەوەی پەرلەمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیکە”.

هاوکات قەیرانی سیاسی عێراق پێی نایە مانگی حەوتەمی، لە دەستپێکی هەڵبژاردنەکانییەوە کە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی پار ئەنجامدرا و زۆر لایەنی سیاسی هەوڵیداوە چارەسەری ئەو چەقبەستوویی و قەیرانە بکات، ئەم دەستپێشخەرییەی بارزانیش نوێترین هەوڵە لەو پێناوەدا هەوڵی بۆ دەدات.