سەردێر

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان: ناکرێت ئەو خۆڵبارینە ڕابگرین

خەڵک-

وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ناکرێت ئەو خۆڵبارینە ڕابگرین چونکە لای ئێمەوە نییە و لە دەرەوە بۆمان دێت”.

عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکیدا بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریکا، رایگەیاند “ناکرێت ئەو خۆڵبارینە ڕابگرین، چونکە لای ئێمەوە نییە و لە دەرەوە بۆمان دێت، بەو پێیەی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن، بەڵام لە 10%،‌ یان 12% یان 8% جیاوازی هەیە بەپێی شارەکان”.

وتیشی ” پێشتر سەرۆکی دەستەی ژینگە ڕایگەیاند، لە 2010 تا 2019 بە هۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە 100 ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان سووتاوە”.

خەیلانی لە بارەی هۆکارەکانی خۆڵبارینیش وتی ” ئەم دیاردەیە هۆکارەکانی بریتیین لەوەی کە ڕێژەی شێ کەمە لەو شوێنانەی کە خۆڵبارینەکەی لێوەهاتووە، خۆڵبارین ئەوە نییە لەئاسمانەوە بێتەخوارەوه،‌ بەڵکو گواستنەوەی خۆڵە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەو شوێنەی کە خۆڵی لێبووە لەگەڵ با هاتووە بەئاراستەی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆنموونە لە ڕۆژهەڵاتی ئوردن و لە رۆژهەڵاتی سوریا و لە باکوری ئەفەریقا لەو شوێنانەوە کە دێت لەبەرئەوەی هەم ڕێژەی شێ لەوێ کەمە هەم ڕووپۆشی ڕووەکی کەمە یان نییە هەم دەنکۆڵەکانیشی یەکگرتوو نیین و سروشتی خۆڵەکەش لماوییە بۆیە لەگەڵ ئاراستەی با هەڵدەکات و دێتە لای ئێمە و دەبێتە خۆڵبارین ئەوە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی خۆڵبارینە”.

خەیلانی ئاشکراشیکرد ” هەموو بابەتەکان پەیوەندی بە گۆڕانکاری کەشوهەواوە هەیە بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی باران بارین و کەبوونەوەی ڕێژەی شێ لەو شوێنانە هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو خۆڵبارینە دروست بێت، خۆڵبارینەکەش بۆ ناوچەکانی ئێمە گوازراوەتەوە، لە ناوخۆی هەرێمدا دروست نەبووە، هەمووی له ‌دەرەوە بۆمان دێت بەتایبەتی ئەو شوێنانەی بیابانن وەکو بیابانی گەورە لە ئەفریقیا و لە دورگەی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئوردنەوە”.

خەیلانی سەبارەت بە چارەسەرەکانی خۆڵبارینیش، وتی “ناکرێت بوترێت ئەو خۆڵبارینە رادەگرین،لەبەرئەوەی بۆمان دێت و لای ئێمەوە دروست نەبووە، بۆ چارەسەرکردن، دەبێت هەوڵبدەین ڕێژەی سەوزایی لە سنوری هەرێمی کوردستان لە پارێزگا و شارەکاندا زیاد بکەین و پشتێنەی سەوزایی دروست بکەین له ‌دەوروبەری شارەکان بۆئەوەی کەمترین کاریگەری هەبێت یان کەشێکی شێدار فەراهەم بێنێت بۆئەوەی ئەگەر خۆڵبارینیش هەبوو کاریگەرییەکانی کەمتر بکاتەوە”.

دەربارەی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ” ڕێژەی سەوزایی دوو حاڵەتی هەیە لەبەرئەوەی سەوزایی ناوشارەکان پەیوەندی بە ئەندازەی پارک و باخچەکانەوە هەیە لەشارەکاندا، سەوزایی لە دەرەوەی شارەکانیش پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان لە پارێزگاکانەوە هەیه،‌ بەڵام وەکو ڕێژە ڕێژەی سەوزایی لەناو شارەکاندا ئێمە بەهاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە کە ئەو ڕێژەی سەوزاییە زیاد بکەین”.

خەیلانی ئەوەشی ڕوونکردەوە ” ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا بە ژمارە وەکو یەک نییە و جیاوازی هەیە، لەبەرئەوەی ڕێژەی سەوزایی لەشارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازی هەیە لە ڕووبەر و ئەو شوێنەی تەرخانکراوە بۆ سەوزایی لە گەڕەکەکاندا، ئەو ڕێژانە ڕەنگە زۆر ورد و تەواو نەبن، چونکە ئەو ڕێژەیە ئێمە دەبێت لەئەندازەی پارک و باخچەکان وەریبگرین دەڵێین لە 10% یە یان 12% یان 8% جیاوازی هەیە بەپێی شارەکان”.

هەروەک خەیلانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستەی ژینگە چیکردووە لەماوەی ڕابردوودا لە بارەی ڕێژەی سەوزایی ژینگەی هەرێمی کوردستان، خەیلانی وتی” ئەوە نیشانەی ئەوە نییە کە ئێمە هیچمان نەکردووە لەبەرئەوەی نازانین ڕێژەی سەوزایی چەندە، ڕێژەی سەوزایی ژوورێکی سێ بە چوار نییە بڵێین دەکاتە 12 مەتر، سەوزایی لەهەندێک شوێن چێنراوە، دار چێنراوە و باخچە دروستکراوە، بەڵام لەسنورەکان هەموو ڕۆژێک تۆپباران و شەڕە ئەوەتا هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دارەکان لەسەر سنور دەبڕنەوە یان تۆپبارانی دەکەن و دەیسوتێنن هەموو ئەو کاریگەرییانە هەیە لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی”.

خەیلانی وتیشی ” لەساڵی 2010 هەتا ساڵی 2019، بەپێی ئەو لێدوانەی بەڕێز سەرۆکی دەستە بەنزیکەیی 100 ملیۆن دۆنم دارستان سوتاوه،‌ بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە، هەردووکیان تۆپباران دەکەن به ‌بیانوی ڕاوەدوونانی نەیارەکانیان و بەرهەڵستکارەکانیان ئەوان ئەو شوێنانە هەم تۆپباران دەکەن هەم ئۆپراسیۆنی سەربازی تێدا ئەنجام دەدەن، دەبێتەهۆی شکاندن و سوتاندنی دارەکان هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ تێکچوونی ژینگه،‌ بەڵام بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی بڕین و سووتانە”.

 

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە پێشبینی چی دەکەن بۆ ئەم خۆڵبارینە بۆ ئایندە لە هەرێمی کوردستان کە ئاخۆ زیاتر دەبێت یاخود کەمتر، خەیلانی وتی” ئەوە دەگەڕێتەوە سەر بوونی ئەو هۆکارانەی کە سەرەکین بۆ دروستبوونی خۆڵبارین ئەگەر توانرا ئەو هۆکارانە لابچێت کەواتە خۆڵبارین کەم دەبێتەوه،‌ بەڵام ئەگەر نەتوانرا ئەو هۆکارانە لاببرێن کەواتە ڕەنگە خۆڵبارین زیاتر بێت بۆنموونە ئێستا پرۆژەیەک هەیە لەناوخۆی سعودیە 10 ملیار دار دەچێنێت لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئیتر ئەوە کاریگەری زۆردەبێت لەسەر کەمبوونەوەی خۆڵبارین لەبەرئەوەی کە داری چەند و ئاوی دابین کرد بۆ ئەو شوێنانە ئیتر ئەو خۆڵەی کە لەوێ هەبوو لەگەڵ با دەگوازرایەوە بەهەبوونی دارستان و ئاو ئیتر ناگوازرێتەوە کەواتە خۆڵبارین کەمدەبێتەوە”.

 

لە کۆتایی وتووێژەکەشیدا، خەیلانی وتی”پلانێکی هەیە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق ئەویش زیادکردنی ڕووبەری دارستانەکانە بۆئەوەی ئەو خۆڵەش لەوێ شێدار بێت و یەکانگیربێت و لەگەڵ با نەبێتە خۆڵبارین و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگوازرێتەوە پلان هەیە بۆ ئەوەی ئەوێ بکرێتە پشتێنەیەکی سەوزایی هەر لەناسریە و سەماوە و کەربەلا هەتا ڕومادی دەگاتەوە لای موسڵ واتە ئەو هێڵەی ئەولا هەمووی داربچێنێت بۆئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگری کردن لە خۆڵبارین بەڵام ئەوە هەتا ساڵی 2030 دەبێت”.