سەردێر

وەزیری تەندروستی: بوودجەی تەرخانکراوی دابینکردنی دەرمان زیاد دەکەین

خەڵک-

وەزیری تەندروستیی هەرێم رایگەیاند “راستە بۆشایی هەیە لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێـم بە گشتی، بەڵام لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بوودجەی دابیکردنی دەرمان زیاد دەکەین لەو پێناوەدا”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی باسی لە چەندین بابەتی تەندروستی کرد، لە پێشیاندا بابەتی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان و پرۆسەی تەندەرینی کۆمپانیاکانی دابینکەری دەرمان.

لەو بارەیەوە، بەرزنجی رایگەیاند “بۆشایی هەیە لە دابیکردنی پێداویستی دەرماندا و هەرچەندە تا ئێستا مانگانە تەنها بۆ پێداویستی دەرمان شەش ملیار دینار دابینکراوە لە لایەن حکومەتەوە، سەرباری بوودجەی تایبەت کە حکومەت دابینیکردووە بۆ سەرجەم سەنتەرەکان لە شارەکاندا”.

وتیشی “ئامانجی ئێمە نەخۆشە، بۆیە نابێت رۆتین هەبێت لە دابینکردنی دەرماندا و ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی دابینکردنی دەرمانمان داوەتە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە پاریزگاکان و شارەکاندا”.
باسی لە نەختینەی کۆمپانیاکانیش کرد و وتی “نەختینە وشایشتەی دارایی بۆ کۆمپانیاکان بە رێژەیەکی دیاریکراو لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە جیاوازی هەبووە، بەڵام لەم دۆخەدا بەهۆی نەبوونی نەختینەو پارەی کاش تووشی کەمی دەرمان بووین”.

وتیشی “لە ئێستادا پرۆسەکانی تەندەرین لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابیکنردنی دەرماندا چووەتە قۆناغی واژۆکردن”.
راشیگەیاند “رێکاری چارەسەرکردنی کێشەکانمان دیاریکردووە بەوەی بوودجەی شەش ملیار کە بۆ دابیکردنی دەرمان تەرخانمان کردبوو، زیادی بکەین بۆ حەوت ملیار دینار”.

لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی “دەمانەوێت بە بێ جیاوازی خزمەت بە هەموو شارەکانی هەرێم بگەیەنین و چەندین پرۆژەمان تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاندووە کە هەمیشە گرنگی تایبەتی هەبووە و لە پێشینەی کارەکانماندا بوون”.

سەبارەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لەئێستدا بوونی هەیە، بەرزنجی وتی “ئەم نەخۆشییە نوێ نییە، بەڵام دەبێت رێگەی لێبگیرێت و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، هەروەک پێشمان راگەیاندوون دەبێت پیشوەختە ئاژەڵەکان بکوترێن”.

وتیشی “وەک چاودێری تەندروستی هاوکارین و تا ئێستا تەنها دوو حاڵەتی تووشبوون بوونیان هەبووە کە هەردووکیان لە شوێنی نایاسایی ئاژەڵیان سەربڕیوە، بۆیە داوا دەکەین لە هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن بەوەی گۆشت لە سەرشەقام و شوێنە نایاساییەکان نەکڕن و دەبێت لە قەسابخانەکان و شوێنی رێگەپێدراو بیکڕن و رێگەری تری خۆپارێزیش بگرنەبەر”.