خەڵك
پاککەرەوەکان هەموو ڕۆژێک باخەکان پاکدەکەنەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دوای ڕیسەکەیان دەبێتەوە خوری، باخەکە پیس دەبێتەوە، ماندوون لە ناهۆشیاری هاوڵاتیان.
لە کاتژمێر هەشتی هەموو بەیانییەک دێت و دەست بە پاککردنەوەی ئەو باخەدەکات کە بۆی دیاریکراوە، تا کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆ کاردەکات، نزیکی دوو کاتژمێری کاتەکەی بە پاککردنەوەی باخەکەوە بەسەر دەبات، بەڵام بۆ سبەینێ ڕیسەکەی بووەتەوە خوری و دیسان باخەکە پیسبووەتەوە.
سەلام غەریب، ماوەی ١٥ ساڵە بە گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی دامەزراوە، کاری پاککردنەوە، بژارکردن، کێڵان، ئاودان و ڕواندنی گوڵ و بڕینی درەختەکانە، بەڵام ناهۆشیاری هاوڵاتیان ئیتر ماندووی کردووە.
بەدەم کارکردنەوە باسی ناهۆشیاری هاوڵاتیان لە پاککڕانەگرتنی باخەکان دەکات، ئەوان سەرباری ماندوویەتی و هەڵکشانی تەمەنیان بەڵام هێشتا هەموو ڕۆژێک پاشماوەکان کۆدەکەنەوە و باخەکەش پاکدەکاتەوە.
ڕەخنەی لە هاوڵاتیان هەیە، کە پاشماوەکانیان لە باخەکاندا فڕێدەدەن، بۆریەکان دەشکێنن، شوشەکان لە باخەکاندا دەشکێنن، کە زیانی زۆری بۆ درەخت و چیمەنەکان هەیە.