سەردێر

فەرمانبەران و مامۆستایان تا کەی لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبن؟

خەڵك
ئەمڕۆش فەرمانبەرانی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان، لە هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام لە کەمپی کۆن و نوێی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوام بوو، بڕیاریشە لە ڕۆژانی ئایندەدا خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە ئەوان مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرت، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن داواکاری ئەوان تەنها وەرگرتنی مووچە نییە، داوای گەڕاندنەوەی مووچەخوراوەکانیان و پلە بەرزکردنەوە دەکەن.
محەمەد حسێن، نوێنەری فەرمانبەرانی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بە (خەڵك) ڕاگەیاند، کە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ واناکات کە خۆپیشاندانەکانیان کۆتایی پێبێت، سەرباری مووچەکانیان یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانیان دابەشکردنی مووچەی خوێندکاران و کۆتایهێنانە بە پاشاگەردانی لە دابەشکردنی مووچەدا.
لەلایەکی دیکەشەوە داواکارییەکی دیکەشیان ئەو مووچەنەی مووچەخۆرانە کە بە ناوی پاشەکەوتە لەلایەن حکومەتەوە نەدراوە، تا بەشێوەیەکی یاسایی بخرێتە ئەستۆی حکومەت، کە بەپێی دەقی یاسایی ئەو قەرزانە دیاریبکرێت و دەبێت بدرێتەوە بە مووچەخۆران و بەڵگەی تەواو هەبێت، هاوکات کۆتایهێنان بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەمانبەران.
لە زانکۆی سلێمانی کۆی گشتی ٢٢ هەزار و ٨٠٠ خوێندکار هەیە، ٣ هەزار ١١٧ فەرمانبەر هەیە، ٢٠١٩ مامۆستا هەیە، بەڵام لە خۆپیشانەکاندا ژمارەیان ناگاتە ٢٠٠ کەس، لەم بارەیەوە نوێنەری فەرمانبەران دەڵێت “کەمی ژمارە واتایی ناڕەوایی داواکارییەکان نییە، ئێمە دەمانەوێت ئیتر ئەو پاشا گەردانییە نەمێنێت و مافەکانمان بەدەستبهێنین”.