سەردێر

حاكم قادر حەمەجان؛ هەرچی زووە ئیدارەی سلێمانی کۆتایی بە کێشەی غاز و نەوت بهێنێت

خەڵک

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە ئیدارەی سلێمانی کۆتایی بە کێشەی غاز و نەوت بهێنێت تا هاووڵاتیان بە شێوەیەکی ئاسان و بە نرخی گونجاو سوتەمەنییان دەستکەوێت، داواش دەکات حکومەت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگری زیاتر لەبەرزبونەوەی نرخی نەوتی سپی.

حاكم قادر حەمەجان، ڕایگەیاندووە؛ “ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانی زیاتر بەرۆکی هاووڵاتیان دەگرێت و لە ئێستادا تووشی قەیرانی غاز و نەوت بوون، دەبێت هاووڵاتیان لەو کەش و هەوا ساردەدا چەند کاتژمێرێک لەسەرەدا بوەستن بۆ ئەوەی غازی دەستکەوێت و ئەوەشی لە بەنزینخانەکان هەیە وەک چارەسەرێک بۆ کەمی غاز، نرخی گرانە و ژیانی هاووڵاتیانی قورستر کردووە.”

 

دەشڵێت؛ ” پێویستە هەرچی زووە ئیدارەی سلێمانی کۆتایی بە کێشەی غاز بهێنێت و هاووڵاتیان بە شێوەیەکی ئاسان و بە نرخی گونجاو غازیان دەستکەوێت، داواش لە حکومەت دەکەین ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت کە لە ئێستادا پلەی گەرما لە شارەکانی هەرێم زۆر دابەزیوە و لەبەرامبەردا نرخی نەوتی سپی زۆر بەرزبۆتەوە کە لە توانای کڕینی هاوڵاتیاندا نییە.”

 

ئەم وتانەی حاکم قادر لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا بوون لەگەڵ سەرۆک و دەستەی كارگێڕی (یانەی وەرزشی بابان) کە تیایدا داوایکرد، بایەخی زیاتر بە بواری وەرزشی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کولتووری بدرێت لە هەرێمی کوردستان.