سەردێر

تیمی فریاگوزاری گەیشتنە سەرچیای سەفین بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتیان

خەڵک – ئارام سەردار

ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری لەدیوی هیرانەوە گەیشتوونەتە سەر چیای سەفین بۆ  ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەی لەبەفردا گیریان خواردبوو.

سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، پاش ئەوەی لەتۆمارێکی ڤیدیۆیدا ژمارەیەک هاووڵاتی لەسەر چیای سەفین داوایان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەهانایانەوە بچن، تیمەکانی فریا گوزاریی گەیشتنە ناوچەکەو دەست بە ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانە کرا.

لەمبارەیەوە عیماد دڵشاد بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگاوبانی ھەولێر رایگەیاند، ژمارەیەک خێزان کە لەسەر چیای سەفین گیریان خواردبوو، لەڕێگەی تیمەکانیان ڕزگارکراون و لەسەر چیا هێنراونەتە خوارەوە

وتیشی؛ تیمەکان ئێستا سەرقاڵی هێنانە خوارەوەی چەند خێزانێکی ترن لەگەڵ سێ ئۆتۆمبێل لەگەڵ ژمارەیەک دەستگێڕ کە لەسەر چیای سەفین بۆ کارکردن چوون و لەدیوی هیرانەوە تیمەکان گەیشتوونەتە سەر چیای سەفین بۆ  ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەی گیریان خواردبوو.

لای خۆشیەوە فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، مەفرەزەکانیان لەئەرکی بەردەوامدان بۆ هەر ئەگەرێک و هاوکاری کردنی هاووڵاتیان لەکاتی پێویستدا کەبەهۆی کەشی سارد و بەفر لەڕێگاکانی دەرەوە ئاستەنگیان بۆ دروستبێت.

وتیشی؛ وەک ئەرکی خۆیان بەردەوام دەبن لەبەدواداچوون و گرنگیدان بەسەلامەتی ڕێگاکان بەتایبەت ڕێگاکانی دەرەوە و هۆشیارکردنەوەی شوفێران.