سەردێر

وەزیری سامانە سروشتییەكان: دواكەوتنی دابەشكردنی نەوت لەدەستی ئێمەدا نییە

خەڵك-

وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دواكەوتنی دابەشكردنی نەوتی سپی لە دەستی ئەواندا نییە، چونكە خۆیان بەرهەمی ناهێنین، بەڵكو بە هاوكاری حكومەتی عێراق دەیهێنن.

میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاری كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەكاتی سەردانیكردنی بۆ قەزای شێخان بڵاویانكردەوە”ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیە كە بە سێ قۆناغ 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرێت و لە ئێستادا، تەنیا یەك قۆناغی گەیشتووە”.

بە وتەی كەمال ئەتروشی” بەغدا پێویستە بەردەوام بن لە ناردنی نەوتەكە، ئەگەر دواشكەوێت پێیاندەڵێن چارەسەری بكەن، بەپێی بەرنامەی ئەوان سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشدەكەن كە لە قۆناغی یەكەمدا جێبەجێكراوە و لە قۆناغی دووەمیدا لە سەنتەری شارەكان دابەشدەكرێت”.

وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت”تا ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق باشبووە و هیوادارە لە كابینەی نوێی حكمەتی عێراقدا پەیوەندییەكانیان بەو شیوەیە بمێنێتەوە”.