سەردێر

“مافەكان بە یەكگرتووی بەدەستدەهێنرێت، بەڵام كورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغدا”

خەڵك-

ئەندامێكی خولی پێشووی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەكان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست و پلە دەدەن لە بەغدا، نەك هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان.

بڕیارە یەك شەممەی داهاتوو پەڕلەمانی عێراق كۆببێتەوە و وتاكو ئێستا لایەنەكان بە گشتی و كورد بە تایبەتی یەك وتار نین و بەپێی زانیارییەكان سبەینێ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و دەیانەوێت وتارێكی هاوبەشیان هەبێت، هاوكات جگە لەو دوو حزبە سێ لایەنی دیكە بە جیا بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن.

ئەحمەد وەرتی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حزبەكان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست و پلە دەدەن لە بەغدا، نەك هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان بدەن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەگەر وابوایە دەبوو حزبەكان هەموویان بە یەكگرتوویی بڕۆیشتنایە بۆ بەغدا، بەڵام واسەیر ناكرێت و یەكێتی و پارتی بە تەنیا دەڕۆن، ئەگەر پێكەوەش بڕۆن بۆ ئەوەیە ئەو پۆستانەی هەن لە بەغدا بتوانن پێكەوە دابەشی بكەن، بەڵام هیچ لە بارەكان ناگۆڕێت.

وتیشی”تا ئێستا ئەوەی بینیومانە ئەو پرسە چارەنووسازانەی كە پەیوەندی بە مادە دەستورییەكان و مافەكانی خەڵكی هەرێمەوە هەیە وەكو مادەی 140 و زۆر پرسیتر كە پەیوەندی بە مافی خەڵكی كوردستانەوە هەیە لە پێشمەرگە و مووچە هیچیان چارەسەر نەكراون و چارەسەرەكان هەموویان كاتین”.
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنی هەرێم، ناوبراو ڕایگەیاند، ئۆپۆزسیۆنی هەرێم نەیتوانیوە لەوەدا سەركەوتوو بێت و بتوانێت پێكەوە بڕۆنە بەغدا، نەوەی نوێ لەگەڵ لایەنی عەرەبی هاوپەیمانی كردووەو ئیسلامییەكان نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی یەكگرتوو بڕیار بدەن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن و كورد بەگشتی بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغدا و ناتوانێت هەڵوێستێكی كاریگەریانەی هەبێت و فشار بخاتەسەر لایەنە عەربیەكان بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد بدەن، چونكە بێگومان مافەكان بە یەكگرتووی و بەهێزەوە بەدەستدەهێنرێت، بەڵام ئەوان هەست دەكەن حزبەكان بۆ پۆست و پارە دەڕۆن ئەوكاتە ئەوانیش بەپێی ئەو بەرژەوەندیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە كوردانە دەكەن.