سەردێر

بارستە هەوایەكی سارد و شەختە و بەستەڵەك هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاوازی دەریای ڕەش بە كاریگەری بارستە هەوایەكی سارد هەرێم دەگرێتەوە و بەهۆیەوە شەختە و بەستەڵەك ڕوودەدات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی دوو شەممە ٣-١-٢٠٢٢ لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاوازی دەریای ڕەش بەكاریگەری بارستە ھەوایەكی ساردەوە پێشبینی ھاتنی شەپۆلێكی كورتی بارانبارین و بەفر بارین ئەكەین بە ئاڕاستەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، كە خۆی لەبارانێكی كەم بۆ مامناوەندی پچڕ پچڕدا ئەبینێتەوە.

ڕاشیگەیاند، سەرەتا لە سنوری پارێزگای دھۆك-ەوە دەستپێدەكات دواتر لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا بۆ سەرجەم ناوچەكان كاریگەری درێژ ئەبێتەوە لەگەڵ بارینی بەفرێكی كەم لەناوچە شاخاویەكاندا.

ئاشكراشی كرد، بەرزترین پلەكانی بەڕێژەی ٣ تا ٥ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.

جەختیشی كردەوە، كاریگەری ئەم شەپۆلە كاتەكانی دوای ئێوارە كۆتایی پێدێت و لەشەودا لە ئەنجامی بەرزی ڕادەی شێ ئەگەری دروستبوونی تەمومژی چڕ لە زۆربەی ناوچە شاخاوی و دەشتیەكاندا ئەبێت لەگەڵ دروستبوونی زوخمی بەستوو لەئەنجامی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما.