سەردێر

شەپۆلێكی نوێی باران و بەفر روو لە هەرێمی كوردستان دەكات

وادەكەی نزیكە

وادەكەی نزیكە
خەڵك-
بەپێی پێشبینی كەشناسێكی كورد، لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا شەپۆلێكی حەوت ڕۆژەی باران و بەفر بارینی بەهێز، ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزن.

بەگوێرەی پێشبینی ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (فەیسبوك) بڵاوكراوەتەوە “لەسەرەتای مانگی داهاتوودا بەتایبەت لەمەودای رۆژانی 1 – 1 بۆ 7 – 1 – 2022، پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین و بەفربارین بە ئاراستەی ناوچەكە دەكەین و لەگەڵ كاریگەری بارستە هەوایەكی تاڕادەیەك ساردیشدا بەفر لە ناوچە شاخاوییەكاندا دەبارێتەوە”.

بە وتەی ئاراس جەبار”بارانی ئەمجارە زیاتر پێشبینی دەكرێت بارانێكی لەسەرخۆ و زستانەی بەرفراوان بێت بەسەر ناوچەكەدا و جیاواز لە شەپۆلی ڕابردوو كە خۆی لەبارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقەدا بینیەوە لە ئەنجامدا لەھەندێ ناوچەدا بڕی چاوەروانكراو باران نەباری و لەھەندێ ناوچەشدا بووە ھۆی دروستبوونی لافاو و كارەساتی سروشتی لێكەوتەوە.”

ئەو كەشناسە كوردە دەڵێت”ئەم شەپۆلە، پشت بە خوا بارانی زۆر باش و بەسودی لێ دەباریت لەناوچەكەدا لەگەڵ بارینی بەفرێكی باش لەناوچە شاخاوییەكان”.