سەردێر

حکومەتی هەرێم، تەرمی ١٦ قوربانی لە فەرەنساوە دەگەڕێنێتەوە هەولێر

خەڵک

 

لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، کاژمێر ٣:٤٥خولەکی بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ٢٤/١٢/٢٠٢١، تەرمی ئەو ١٦ قوربانییەی کە لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕۆژی ٢٤/١١/٢٠٢١ بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا، دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

 

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە؛ گەڕاندنەوەی ئەو تەرمانە بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆرکانیان ماوەی مانگێک دوا کەوت، ئەوەش بە هەماهەنگی لە نێوان نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لەگەڵ وەزارەتی داد و ناوخۆ و پۆلیس و تیمی لێکۆڵەرەوەی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشداوە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانییانە، داوا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەکات کە نەکەونە داوی کەسانێک کە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو قاچاخچی و کەسانەی کە فریوی هاونشتمانیانمان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن، بێ وەڵام بەجێ ناهێڵێت و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.