سەردێر

تەندروستی گەرمیان؛ لە ساڵی داهاتوو چارەسەر نەكرێت دەرمان نامێنێت

خەڵك –
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، تووشبون و مردن بە كۆرۆنا لە ئیدارەی گەرمیان لە نزمترین ئاستیدایە و كەمترین نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ماون، دەشڵێت،”دەرمان و پێداویستی پزیشكی ڕووی لەكەمی كردووە، ئەگەر لەمانگی یەكی ساڵی داهاتوو چارەسەر نەكرێت دەرمان نامێنێت”.

د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هیچ بەڵێنێك بۆ بەهەمیشەیی كردن و دامەزراندنی سەرجەم كارمەند و فەرمانبەرانی چاودێری ووردی بەشی كۆرۆنا نییە.

دەشڵێت،” لە ئێستادا لە سنورەكەیان تووشبون و مردن بە كۆرۆنا لە نزمترین ئاستیدایە و كەمترین نەخۆشی كۆرۆناش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن”.

ڕاشیگەیاندووە، هاوشێوەی شاری سلێمانی لە گەرمیانیش دەرمان و پێداویستی پزیشكی ڕوو لە كەمی دەكات و ئەگەر لەمانگی یەكی ساڵی داهاتوو چارەسەری خێرای ئەم دۆسیەیە نەكرێت، دەرمان نامێنێت و دەبێت هاووڵاتیان پێداویستی نەشتەرگەری لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ عەمەلیاتەكانیان.