سەردێر

سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی سوید كۆبوونەوە

خەڵك

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی سوید كرد و لە كۆبوونەوەیاندا، جەخت لەوە كراوەتەوە كە حكومەتی داهاتووی عیراق بە جۆرێك بێت كە بتوانێت داوا و خواستەكانی هاووڵاتیانی وڵاتەكە لەبارەی ژیان و گوزەرانێكی باشتر و خزمەتگوزارییەكان ڕەچاو بكات.


سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕۆژی دووشەممە 22/11/2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئان لیندێ وەزیری دەرەوەی سوید كۆبوونەوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی لە عیراق و گەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە لێكتێگەیشتنێك بۆ داهاتووی پڕۆسەی سیاسی و یەكلاییكردنەوەی هەر تێبینی و كێشەیەك لەسەر ئەنجامەكانی دەنگدان لە عیراق كردووەتەوە.

لە كۆبوونەوەی ئان لیندێ و نێچیرڤان بارزانی، وەكو لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دۆخی عیراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامەكانی، پەیوەندییەكانی سوید لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی سویدی لە هەرێمی كوردستان باسیان لێوەكراوە.

جێی ئاماژەیە، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی یەكشەممە گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممەش لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق كۆبووەوە. دواتر سەردانی هەولێری كرد و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت پێشوازییان لێكرد.