سەردێر

ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆی كۆیە دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و سەرۆكایەتی زانكۆش پشتگیرییان دەكات

خەڵك

هەروەك بەشێكی زۆری خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی كۆیە بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە و شایستە داراییەكانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.


هاوكات، سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، “بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیەوە وەك هەمیشە پشتگیری تەواوی داواكاری خوێندكاران لە گەڕانەوەی دەرماڵە و شایستە داراییەكانی تریان دەكەین”.

سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە ئاماژەی بەوەشداوە:”هەروەك لای هەمووان ڕوونە، دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی دەرماڵە و سەرجەم شایستە داراییەكان لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە، نەك دەسەڵاتی زانكۆ، بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پەرۆشەوە گوێبیستی داواكارییەكانیان بێت و قەرزی خوێندن بۆ خوێندكارانمان دابین بكات”.

جێی ئاماژەیە، چەند ڕۆژێكە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی پارێزگای سلێمانی و چەند شارێكی تری هەرێم دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و داوای گەڕانەوەی دەرماڵەكانیان دەكەن.

ئەمڕۆش لەكاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خوێندكاران دروست بوو و ژمارەیەك خوێندكاریش برینداربوون.