سەردێر

نوێترین زانیاری لەبارەی ڕەوشی خوێندکارە بریندارەکانی سلێمانی

سلێمانی ـ نزار جەزا
پاشئەوەی گرژی لەنێو خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی دروستبوو ژمارەیەک خوێندکار برینداربوون و کچە خوێندکارێکیش بە 10 تەقەڵ سەری دوورایەوە.
سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ژمارەیەک خوێندکار لەکاتی خۆپیشاندانەکان باری تەندروستییان تێکچوو، هەر لەوێ لەلایەن تیمەکانیانەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و نەنێردراون بۆ نەخۆشخانە. ناوبراو زانیاری زیاتری لەبارەی ژمارەی بریندارەکانەوە نەبوو، بەڵام بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی (خەڵک)، دوو خوێندکار لەنێو خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەریان شکاوە و نێردراون بۆ نەخۆشخانەی شار.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، یەکێک لەبریندارەکان کچە خوێندکارێکی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانییە، کە بۆمبی فرمێسکڕێژ بەر سەری کەوتبوو، بەهۆیەوە سەری بە 10 تەقەڵ دووراوەتەوە و لەئێستا باری تەندروستی جێگیرە. هەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێکی دیکە لەبریندارەکان کوڕە خوێندکارێکە بەشوشە سەری برینداربووە، باری تەندروستی جێگیرە.
ماوەی دوو ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین خۆپیشاندان بۆ داواکردنی دەرماڵە دەکەن، و بەشێک لەشەقامە سەرەکییەکان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخەن. دوێنێ هیچ گرژییەک لەنێو خۆپیشاندانەکان ڕووینەدا، بەڵام ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان بۆمبی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی و هێزیان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکارهێنا.
تاکو ئێستا ئەو خوێندکارانە وەڵامی داواکارییەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە بەنیازن سبەینێ سێ شەممەش زنجیرەیەک خۆپیشاندان ئەنجامبدەن. ئەمە لەکاتێکدایە لەساڵانی پێش قەیرانی دارایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان مانگانە بڕێک پارەیان وەک دەرماڵە وەردەگرت، بەڵام پاش قەیرانی دارایی ئەو دەرماڵەیە بڕدرا.
Enter

Nzar