سەردێر

داوا لە حكومەت دەكرێت بە زوویی پڕۆژەیاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ بۆ پەرلەمان بنێرێت

خەڵك

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەنێت، ماوەیەكە لەلایەن حكومەتەوە كار لەسەر ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای خانەنشینی هتزەكانی ناوخۆ دەكرێت، كەچی تاكو ئێستا ئاڕاستەی پەرلەمان نەكراوە بۆ دەنگدان لەسەری، ئاماژەی بەوەشكرد لەدوا كۆبوونەوەی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان لەگەڵ لایەنی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر زوو ناردنی پڕۆژەیاساكە كرایەوە.
باڵانبۆ مەحەمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ڕاگەیاند: لەبارەی ناردنی پڕۆژەیاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان، بۆ چەندینجار پرسیارمان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران كردووە، كەچی تاكو ئێستا ڕوون نییە كەی تەواو دەكرێت.

باڵانبۆ مەحەمەد وتیشی: هەرچەندە ئەو پڕۆژەیاساكە زوو بگاتە پەرلەمان لە سوودی حكومەت و هێزەكانی ناوخۆدایە، چونكە بە پەسەندكردنی یاسایەكی لەوجۆرە مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ گۆڕانكاری بەسەر دادێت و زیاد دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند: لەكاتی زیادبوونی مووچەكانیان، ژمارەیەكی زیاتر لەو هێزانە خانەنشین دەبن، بەمەش دەرفەت بۆ گەنجان و خوێنی تازە دەڕەخسێت، تاكو بێنە شوێنی ئەوانەی ماوەكە خزمەت دەكەن و تەمەنێكیان هەیە.