سەردێر

كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەكەن

خەڵك

كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەروەردە و پەرلەمانتاران دەكات،”بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت ڕێنماییكاران لە قوتابخانەكان دابنرێن، بۆ ئەوەی قوتابیان لەم خزمەتگوزارییە كاریگە‌رە‌ بێبەش نەبن، بەپێچەوانە خەمساردی زیاتر و نەهاتنە پێشەوەی وەزارەتی پەروەردە و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان‌ بۆ ئەم داواكارییە‌ و وەڵام نە‌دانە‌وە‌ی بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی تر دەنوێنین”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بە‌ڕێزان/ سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وەزیران
وە‌زیری پە‌روە‌ردە‌
پە‌رلە‌مانتارە‌كان و لیژنە‌ی پە‌روە‌ردە‌ و خوێندنی باڵا

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە كارنامەی خۆیدا بایەخێكی زۆری بە كەرتی پەروەردە داوە‌، ئەمە جێگای دڵخۆشییە و كاركردن لەسەر ئەم سێكتەرە خۆی لەخۆیدا بایەخدانە بە مرۆڤ لە‌‌ ئێستا و داهاتوودا. بۆیە‌ پێویستە وەزارەتی پەروەردە بەرجەستەی تەواوی ئەم كارنامەیە بكات و پێوەی پابەند بێت.
لە پەرەوردەی نوێ و سەردەمدا قوتابی سە‌نتە‌ری پڕۆسە‌ی پە‌روە‌ردە‌یە‌‌ و لە‌پێناو گەشەكردن و بوونی بە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی كاریگە‌ر بۆ نیشتیمان و ژینگە‌كە‌ی،‌ ئەوا پێویستی بە مامۆستا، پڕۆگرام، قوتابخانە و ڕێنماییكاری پە‌روە‌ردە‌یی (توێژەری كۆمەڵایەتی) ھە‌یە.
ڕێنماییكارانی پە‌روە‌ردە‌یی كە‌ دە‌رچوانی ھە‌ردوو بە‌شی كۆمە‌ڵناسی و دە‌روونناسی دە‌گرێتە‌وە‌‌ توانیویانە‌ بەشدارییەكی چالاكانە بكەن لە بونیادنانی كەسایەتیە‌كی بە‌ھێز و ڕە‌خساندنی ژینگە‌یە‌كی پە‌روە‌ردە‌یی وەها كە قوتابی لە‌گە‌ڵ فێربووندا پە‌روە‌ردەدەش بكرێت. ئەمەش تەنیا لەو قوتابخانانە بەدیهاتووە كە ڕێنماییكاری پەروەردەیی هەبووە.
بە‌پێی ئاماری وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە‌ ژمارەی قوتابخانەكان نزیكەی(7000) قوتابخانەن لە هەرێمی كوردستان، كەچی تەنیا نزیكەی (1800) ڕێنماییكاریی پەروەردەیی هەن، و‌ زیاتر لە‌ (5000) قوتابخانە ڕێنماییكاری پەروەردەیی هەر نییە. هەر چەندە چەندینجار بەشێوەی فەرمی و نافەرمی وەزیری پەروەردە ئاگاداركراوەتەوە كە كێشە كۆمەڵایەتیی و دەروونیی و پەروەردەییەكان لە قوتابخانەكان لە هەڵكشاندان‌، پێویستە هەرچی زووە بەشێوەی گرێبەست یان وانەبێژ یاخود بڕێكی دیاریكراو لە‌ مووچە‌، دەرچووانی بەشەكانی (كۆمەڵناسی و دەروونناسی) لە قوتابخانەكان دابنرێت.
كەچی بە‌داخە‌وە‌ تاكو ئێستا ھیچ ھە‌وڵ و ھە‌نگاوێك نە‌ندراون، ئە‌مە‌ش بۆشاییەكی گەورەی لە‌ پڕۆسە‌ی پە‌روە‌ردە‌ دروستكردووە، ئێستا لە قوتابخانانەكان كێشە و دیاردە كۆمەڵایەتیی و دەروونی و پەروەردەیییەكان ڕۆژ بەڕۆژ ئاستیان لە زیاد بووندایە، وە كۆمەڵەكەمان ئەمەی بە توێژینەوە سەلماندووە.
بۆ چارەسەری ئەم كێشە و ئارێشە دەروونی و كۆمەڵایەتییانە، داواتان لێ دەكەین بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت رێنماییكاران لە قوتابخانەكان دابنرێن، بۆ ئەوەی قوتابیان لەم خزمەتگوزارییە كاریگە‌رە‌ بێبەش نەبن، بەپێچەوانە خەمساردی زیاتر و نەهاتنە پێشەوەی وەزارەتی پەروەرده و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان‌ بۆ ئەم داواكارییە‌ و وەڵام نە‌دانە‌وە‌ی بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی تر دەنوێنین.
كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان
28/10/2021