سەردێر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ خرایەڕوو

خەڵك

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ وڵاتی قەتەر، لە یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، دەرفەتی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی قەتەڕی لە هەرێم هەروەها دۆخی عیراق و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و چەند پرسێكی تر تاووتوێكراون.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی تایبەتیی دەوحە پێشوازی لێكرا، لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە وڵاتەكە، لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەگەڵ قەتەڕ كردووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو هەردوولا “باسیان لە دەرفەتی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی قەتەڕی لە هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بۆ تەواوی عیراق كرد بەتایبەتی لەو بوارانەدا كە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق پێویستن، هەروەها هەنگاوەكانی كردنەوەی كۆنسوڵخانەی گشتیی قەتەڕیان لە هەولێر تاووتوێكرد.”

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، دۆخی عیراق و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پڕۆسەی سیاسی لە وڵات، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوون.