سەردێر

سۆسیالیست: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆمان ڕێكدەخەینەوە

خەڵك

مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: “خۆمان ساز و ڕێكدەخەینەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان”.


مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، “هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەنگاوێكی تری دیموكراسی بوو، بە سەركەوتوویی گەیشتە ئەنجام”. ئاماژە بەوەش كراوە، سەرەڕای گۆڕان لە سیستمی هەڵبژاردنەكان و كێشە تەكنیكییەكان، “بەڵام بە ئارامی و ئازادی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی بانگەشە و دەنگدان لە هەرێمی كوردستان و ئەنجامەكانی كورد لە كەركوك، موسڵ و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەستكەوتی گەورەن و مایەی شانازین بۆ هەمووان”.

حزبی سۆسیالیست پیرۆزبایی لە كاندیدە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردن دەكات و هیوا دەخوازێت، “ئەم سەركەوتنە هۆكاری بەهێزكردنی ڕیزەكانی گەل و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت بۆ بە یەك دەنگ و لە یەك سەنگەر بەرگریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ماف و داوا رەواكانی كورد لە پەرلەمان و حكومەتی داهاتووی عیراقدا”.

هەروەها ئەو حزبە سوپاسی ئەندام و لایەنگرانی دەكات كە بە پەرۆشەوە بەشداریی دەنگدانیان كرد و دەشڵێت، “ئامانجمان لە پشتیوانیی كاندیدەكان، سەرخستنی كەسانی تێكۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هەموو هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆڕێكخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان”.

ئەمەش لە كاتێكدایە، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.