سەردێر

حاجی ئۆمەران.. باندێكی مامەڵەكار بە دراوی ساختە دەستگیركران

خەڵك

باندێكی مامەڵەكار بە دراوی ساختە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، بە بڕی 100 ملیۆن دیناری عیراقی ساختەوەدەستگیركران.
بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، باندەكە دراوی 25 هەزار دیناریی عیراقییان پێبووە و لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەزگای چاپیان داناوە، ویستوویانە لە دەروازەكەوە ڕۆژانە بڕێك پارە بهێننە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆمەڵگەی دەروازەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دوای گەیشتنی یەكەم كاروانی بڕە پارەكە كە 100 ملیۆن دینار بووە و بە چوار كەس دەیانویست بیهێنن، هەم كەسەكان دەستگیركران و هەمیش بڕە پارەكە دەستی بەسەردا گیرا”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سێ كەس لە دەستگیركراوان دانیشتووی هەرێمی كوردستانن و ئەوەی تریش خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە و ڕادەستی یاسا دەكرێن.