سەردێر

ئەحمەد تورك: بە بێ هەدەپە هیچ كەسێك لە توركیا نابێتە دەسەڵاتدار

خەڵك

ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی مێردین ڕایدەگەیەنێت، “توركیا دەچێتە سەردەمێكی نوێوە، باسی چارەسەریی كێشەی كورد دەكرێت، بۆ ئەوەی پرسی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، جەختیشی كردەوە، ئەمڕۆ بێ هەدەپە لە توركیا كەس نابێتە دەسەڵاتدار”.

ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی مێردین كە لە ئێستادا لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە و قەیوم لە جێگەی دانرا، بەشداریی لە كۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)دا كرد و ڕایگەیاند، “پارتەكەمان بووەتە هیوای گەلەكەمان، ئێمە بڕوامان وایە، لە سیاسەتی دیموكراتیكدا دەبینە ئەندازیاری دواڕۆژ، بێگۆمان بە سیاسەتی قەیومەكان، هەوڵ دەدەن ئێمە و گەلەكەمان لە یەكتری دووربخەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “كار و كردەوەكانی قەیوم دیارە، لەمبارەیەوە پارتەكەمان لێكۆڵینەوەی جددیی ئەنجام دەدات، هەموو كارمەندانی قەیوم، بەهۆی گەندەڵیی و بەرتیلخواردن دادگایی دەكرێن”.

ئەحمەد تورك لەبارەی گفتوگۆكانی چارەسەریی كێشەی كورد باسی لەوەكردووە، “توركیا دەچێتە سەردەمێكی نوێوە، باسی چارەسەریی كێشەی كورد دەكرێت، بۆ ئەوەی پرسی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر ببێت، ئێمە هەموو كاتێك پشتگیرییمان كردووە و لەم ڕێیەدا باجی زۆرمان داوە، ئەمڕۆ هەمو كەسێك دەبینێت، بێ هەدەپە لە توركیا كەس نابێتە دەسەڵاتدار، هەر بۆ ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر ببێت، پێویستە بەر لە هەموو شتێك هەبوونی كورد، ناسنامەكەی و زمان و ستاتۆكەی قبوڵ بكرێت”.