سەردێر

داوا دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە دەمیرتاش ئازاد بكرێت

خەڵك

ئەنجومەنی ئەوروپا داوا دەكات توركیا تا كۆتایی ئەم مانگە بڕیاری ئازاد كردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) جێبەجێ بكات.
لیژنەی وەزاری ئەنجومەنی ئەوروپا كە چاودێری بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەكات داوا لە توركیا دەكات دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و عوسمان كاڤالا، وەبەرهێنەر ئازاد بكات.

لیژنەكە داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای ئەوروپا و هەڵوەشاندنەوەی سزادانی دەمیرتاشی كردووە و 30ـی ئەم مانگەشی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش دیاری كردووە.

پێشتر، دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی ئەو سەركردە كوردەی كردبوو، بەڵام توركیا داواكەی ڕەتكردبووەوە.

جێی ئاماژەیە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە 4/11/2016، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و پەرلەمانتارانی پارتەكەی بە تۆمەتی هاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لەلایەن حكومەتی توركیا دەستگیركران.