سەردێر

پارێزگاری هەولێر لەسەر شەڕەكەی خەبات هاتەدەنگ

ئومێد خۆشناو: هەڵە لە كەس قبوڵ ناكەین

خەڵک-ئارام سەردار

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت،بۆ هیچ کەس و هێزێک ڕێگەپێدراو نیە زێدەڕۆیی بکات لەهیچ شوێنێک،هەر ئەمشەویش ئەوکەسانەی ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەتەوە لەسەر زێدەڕۆیی ئیجرائاتیان بەرامبەر دەکرێت. ئ

ومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لەسەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابڕدوو لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بابەتی زێدەڕۆیی لەسنوری پارێزگای هەولێر ڕێگەپێدراو نیە، ژووری عەمەلیات دروست کراوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەن، چونکە، بەداخەوە دوێنێ شەو لەشارەدێی ڕزگاری لەشارۆچکەی خەبات هێرشکراوەتەوە سەر هێزەکانی زێرەڤانی کە پێشمەرگەیەک گورچیلەی لەدەستداوە و دۆخی خراپە لەگەڵ برینداربوونی ئەفسەرێکی تر، بۆیە هەموو ئەوکەسانە دەستگیردەکرێن و لیژنەی ئەمنیش دەستکراوەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەرکەسێک زێدەڕۆیی بکات.

دەشڵێت، لەسنوری هەولێر چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش ڕوویداوە قسە کراوە بەتایبەت ڕووداوەکەی شارۆچکەی خەبات، بەڵام ئەمە کێشەی دوو عەشیرەت نیە بەڵکو ئەوە کێشەیەی نێوان دوو بنەماڵە لە عەشیرەتەکانی گۆران و خەیلانی دروست بووە، هێزەئەمنیەکان چاودێری دۆخەکە دەکەن، ڕێگا نادەن تەشەنەبکەن، یاسا سەروەرە ئەوانەشی بەشداربوون لەم کارە و تۆمەتبارن سزای یاسایی دەدرێن لەبەردەم دادگا.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئارامی وئاشتی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاندنەکان مسداقیەت بپارێزن و ڕاستی ڕووداوەکان بگوازنەوە، چونکە شەوی ڕابردوو شەڕ نەبووە، کامێرای چاودێریش هەیە هەموو ڕووداوەکان تۆمارکراون، لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ڕێوشوێنی پێویست دەرچووە، تاوەکو هەڵمەتی هەڵبژاردن بەهێمنی بەڕێوەبچێت بۆ هەموو کاندید و حزبەکان وەکو یەک، ئەوانیش پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن و لیژنەی ئەمنی بن.

پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە، بۆ هیچ کەس و هێزێک ڕێگەپێدراو نیە زێدەڕۆیی بکات لەهیچ شوێنێک، ئیجرائاتی پێویستیش دەکرێت لەبەرامبەر هەموو ئەوکەسانەی زێدەڕۆییان کردوە و دەستکراوەین و هێزە ئەمنیەکانیشمان دەستکراوە کردون بۆ ئیجرئات بەرامبەر هەکەسێک بیەوێت پێشێلکاری بکات، سەرۆکی حکومەتیش بەشداری کردوە لەکۆبوونەوەکە وچاودێری دۆخەکە دەکات.

لەڕووی یاساییەوە ئیجرائات لەبەشدارانی ڕوداوەکەی شارۆچکەی خەبات دەکرێت، هێزە ئەمنیەکەش بۆ پاراستنی ڕەوشەکە لەوێن، لەهیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکەن هەڵە بکەن، هەرکەسێکیش بیەوێت کارێکی هەڵە بکات ئاو هێزە ڕووبەڕووان دەبنەوە، داواشمان لەهەردوو بنەماڵە کردووە بەشدارانی شەڕەکە کە کوژراو و برینداری لێ کەوتۆتەوە ڕادەستیان بکەن، چونکە دەست نیشان کراون ئەگەر ڕادەستیش نەکرێن دەستگیریان دەکەین، هەر ئەمشەویش ئەوکەسانەی ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەتەوە لەسەر زێدەڕۆیی ئیجرائاتیان بەرامبەر دەکرێت،لەبەر ئەوەی بەداخەوە پێشمەرگەیەک و ئەفسەرێک بریندارکران، دۆخی پێشمەرگەکە لەچاودێری چڕە و نەشتەرگەری گەورەی بۆکراوه.