سەردێر

سلێمانی، دوو كەس دەستگيركران بە زەبری چەك پارە و مۆبایلیان لەخەڵك دەسەند

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت كە بە زەبری چەك پارە و مۆبایلیان لەخەڵك سەندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”دوای ئەوەی‌ لەگەڕەكی‌ سەرچناری‌ شاری‌ سلێمانی‌ دوو تۆمەتبار ڕێگریی لەهاوڵاتییەك دەكەن‌ و لەژێر زەبری‌ چەكدا بڕێك پارەی‌ لێ دەسەنن‌و دواتر بە چەك برینداری دەكەن، مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتن دەگەنە شوێنی‌ ڕووداوەكە بەمەبەستی‌ دەستگیركردنیان، بەڵام تۆمەتبارەكان تەقە لەمەفرەزەكەی‌ پۆلیس دەكەن‌ و پۆلیسێك بریندار دەكەن‌ و هەڵدێن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”دوای‌ ئەو ڕووداوە بەڕێز بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ ناو شار ڕۆژئاوای‌ ڕاسپارد، كە دەستبەجێ تۆمەتبارەكان بدۆزنەوە و دەستگیریان بكەن، پاشان بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنار لێكۆڵینەوە و بەداواداچوونی‌ وردی‌ دەستپێكرد و پاش وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەر، توانرا هەردوو تۆمەتبار (م، خ، ف – س، ك، ع) دەستگیربكرێن، دەستیش گیرا بەسەر چەكێكدا لەجۆری‌ دەمانچە كە بەتۆمەتبارەكان بووە”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەدا تۆمەتبارەكان دانیان بەتاوانەكەیاندا نا، هەروەها دانیان بەوەدا نا كە پێشتریش ڕێگرییان لەهاوڵاتییەكی‌ دیكە كردووە و بەزەبری‌ چەك بڕێك پارە و موبایلەكەیان لێ سەندووە، هاوكات ڕێگرییان لەهاوڵاتییەكی‌ دیكە كردووە و تەقەیان لێكردووە و بەچەقۆ برینداریان كردووە، لەئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری‌ دادوەر، بەپێی‌ مادەكانی‌ (405) و (230) و (456) و (31) لەیاسای‌ سزادان ڕاگیراون‌ و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە”.