سەردێر

دوو كەس لە هەولێر بە تۆمەتی كوشتن دەستگیركران

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی تاوانی كوشتن دەستگیر كردووە، كە پێشتر فەرمانی گرتنیان هەبووە.

مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەشی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر (بنکەی پۆلیسی کەسنەزان) دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (ا. م. ا) و (م. ع. م) دەستگیر کرد.

ڕاشیگەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارە بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو، کە یەکێکیان لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەبات و ئەوەی دیکەش لە سنووری بنکەی پۆلیسی کەسنەزان، داواکرابوون.

ئاشكراشی كرد، هەردوو تۆمەتبارەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و ڕادەستی دادگا کران.