سەردێر

چەند ڕۆژێكە ژمارەیەك كۆچبەری كورد لە دوورگەیەكی یۆنان گیریان خواردووە

خەڵك

ماوەی دوو ڕۆژە ٣٥ كۆچبەری كورد بەھۆی لەكاركەوتنی بەلەمەكەیان لە دوورگەیەكی شاخاوی یۆنان گیریان خواردووە، ئاو و خۆراكیشان لێبڕاوە و داوای ھاوكاری دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، سەرجەم كۆچبەرەكان خەڵكی سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕانیە و سەیدسادقن و لە كەناراوەكانی توركیاوە بەڕێكەوتن بەرەو ئیتاڵیا، بەڵام لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیك دوورگەی (لارۆس)ی یۆنان ماتۆڕی بەلەمەكەیان لەكاركەوت و بۆ ئەوەی لە ئاودا تووشی ھیچ ڕووداوێكی نەخوازراو نەبن، بڕیاریاندا لە گەشتەكە بەردەوام نەبن و لەو دوورگە شاخاوییە لایاندا.

لە ئێستادا، كۆچبەرەكان ئاو و خۆراكیان لێبڕاوە و بە مەبەستی ڕزگاركردنیان پەیوەندییان بە ھێزی دەریاوانی یۆنانەوە كردووە، بەڵام بەھۆی ھەڵكردنی ڕەشەبایەكی بەھێز لە ناوچەكە، ڕزگاركردنیان بە یەختی ھێزی دەریاوانی یۆنان كەمێك ئەستەمە و بەدوای ڕێگەچارەی ترن بۆ ڕزگاركردنیان.