سەردێر

“35 هەزار ئاوارە لە كەركوك ماون”

خەڵك

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: لەكەركوك 35هەزار خێزانی ئاوارە ماون كە بۆ ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە.
ئیڤان فائق جابرو وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بەیاوەری شاندێكی وەزارەتەكەی سەردانی پارێزگای كەركوكی كرد و لە دیوانی پارێزگاكە لەگەڵ ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبووەوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەكەش ئیڤان فائق جابرو وەزیری كۆچ و كۆجبەرانی عیراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئامانجی سەردانەكەی بۆ پارێزگای كەركوك كرد كەبەپێی ڕێنمایی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ پارێزگاكان ئەنجامیداوە، ڕایگەیاند، چەند پرسێكی هەنوكەییان لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت تاووتوێ كردووە.

ڕوونیشیكردەوە یەكێك لەو پرسانەی باسكراون پرسی گەڕانەوەی پاشماوەی ئاوارەكان بووە بۆ پارێزگاكانیان، ڕاشیگەیاند لە كەركوك 35 هەزار خێزانی ئاوارە ماون كە بۆ ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە.

ئیڤان فائق ئاشكراشیكرد، 13 هەزار لەو خێزانانە خەڵكی دەوروبەری كەركوكن و نزیكەی 6 هەزار خێزانیان خەڵكی پارێزگای نەینەوان و 5 هەزار خێزانیشیان خەڵكی پارێزگای ئەنبارن.