سەردێر

ئومێد خۆشناو: نەك موختار هیچ بەرپرس و فەرمانبەرێكی حكومەت بۆی نییە بێڕێزی بە هاووڵاتیان بكات

خەڵك

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هۆكاری كێشەی بێ ئاوی هاتنی لافاو بووە لە باكووری كوردستان و باران بارینی ناوچە كوێستانییەكان بووە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێستا ئێمە لە قۆناغی كۆنتڕۆڵكردنی ڕەوشی وشكەساڵین و لە كۆبوونەوەی ژووری وشكەساڵی چەند بڕیارێكمان دا. لە بارەی بڕیارەكانەوە وتی: 523 بیر نۆژەن دەكرێنەوە، سووتەمەنی و كارەبایان بۆ دابین دەكرێت و لە هەندێك شوێن پێویست بە هەڵكەندنی بیری نوێ هەیە.

وتیشی: چەند لیژنەیەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕەوشەكە دانراون، بۆ لابردنی زێدەڕۆیی سەر ئاوی خواردنەوە. لە سبەینێوە هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆیی دەست پێدەكات و ڕێگری لە بە فیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە دەكرێت و ڕێكاری یاسایی دژی پێشێلكاران دەگرینەبەر.

ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەیەكی تری هونەری درووست كراوە، بۆ دەستنیشانكردنی كێشە تەكنیكییەكان و بە سەرجەم تیمەكانی ڕاگەیاندووە، تا ماڵێكی هەولێر بێ ئاو بن، كەس بۆی نییە بخەوێت.

ئومێد خۆشناو ڕوونیشیكردەوە، لیژنەیەك بە سەرپەرشتی قائیمقام و شارەوانییەكان پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی ئاوی ماڵان لە ڕێگەی تانكەرەوە، هەر هاووڵاتییەك كێشەی ئاوی هەبێت، بە زووترین كات پەیوەندی بكات بە شارەوانییەكانی گەڕەكەكەیەوە و بە تانكەر ئاوی بۆ دابین دەكرێت.

لە بارەی موختارەكەوە، كە لە تۆمارە ڤیدیۆییەكان دەركەوتووە، بەوە تۆمەتبارە بێ ڕێزی بە هاووڵاتیان كردووە، ئومێد خۆشناو وتی: ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەین، بێڕێزی بە خەڵك بكات. نەك موختار هیچ بەرپرس و فەرمانبەرێكی حكومەت بۆی نییە بێڕێزی بە هاووڵاتیان بكات.

پارێزگاری هەولێر وتیشی: ڕێكاری یاسایی دژی ئەو موختارە دەگیرێتە بەر و دوو سكاڵای لە دژ تۆمار كراوە و دوای ئەوە ڕێكاری كارگێڕیش لە دژی دەگرینە بەر و ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەین سوكایەتی و بێڕێزی بە خەڵكی هەولێر بكات، چونكە خەڵكی هەولێر زۆر تەحەمولیان كردووە و ئێمەش لە ئاستی ئەو ماندووبوونەی ئەواندا دەبین.