سەردێر

خوێندن بە شێوەزاری گۆران – هەورامی لەسنووری ناوچە ھەورامی نشینەكاندا تاووتوێ دەكرێت

خەڵك

یەكەم كۆبوونەوە سەبارەت بە داواكاری وەزیری ڕۆشنبیری بۆ خوێندن بە شێوەزاری گۆران – هەورامی لەسنووری ناوچە ھەورامی نشینەكاندا ئەنجامدرا.


حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانى حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، “ڕۆژی 3ی ئاب یەكەم كۆبوونەوە سەبارەت بەشێوەزاری گۆران- ھەورامی بەڕێوەچوو و لەدیوانی وەزارەت پێشوازیمان لەحەسەن سەرتیپ جاف بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكان لە وەزارەتی پەروەردە، سۆران عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، سادق ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی كوردی لە پڕۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە، نزار حەمەخان لە پەروەردەی ھەڵەبجە، خەسرەو حامد و ژمارەیەك شارەزای پەروەردەیی تر كرد”.

وەزیری ڕۆشنبیری ئاماژە بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا، كە یەكەم كۆبوونەوەیە گفتوگۆ كرا سەبارەت بە پێدانی بەرچاوڕوونی و زانیاری زیاتر لەسەر داواكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، سەبارەت بەخوێندن بە شێوەزاری گۆران – هەورامی لەسنووری ناوچە ھەورامی نشینەكاندا.

حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ بایەخدان بە زمانی دایك، كە لەسەر رۆشنایی بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ھەموو تاكێكی ئەم جیھانە سەلمێنراوە، پێشنیاری ئێمە وەك وەزارەتی ڕۆشنبیری سەبارەت بەپێویستی و بایەخدان بەشێوەزاری گۆران-ھەورامی لە بەرنامەی پەروەردە، بۆ خوێندن و خوێندكارانی ھەورامی ئەمەیە كە وانەیەك ھەبێت بۆ زمان و ئەدەبیاتی ھەورامی بۆ قۆناغی سەرەتایی لە ناوچەی ھەوراماندا.

وەزیری ڕۆشنبیری دەشڵێت، دواجار بڕیاردرا، پاش كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، بەرنامە و پلانی گونجاو دابڕێژن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی زمانی كوردییەوە، “ھەر دوێنێش ئەو كۆبوونەوەیان گرێدا، من سوپاس و دەست خۆشیان لێدەكەم”.