سەردێر

مەزڵوم كۆبانێ: هێزەكانی توركیا لە ڕۆژئاوا بكشێنەوە

خەڵك

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هێزەكانی توركیا ناوچەكانی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی جێبهێڵن.


مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە كۆنفڕانسی ساڵانەی (هەسەدە)دا جەختی لە هەڕەشەی چەكدارانی گروپی تیرۆریستی داعش كردەوە و ڕایگەیاند: بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان، دەست بە هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ هێزە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دەگرن.

مەزڵوم كۆبانێ‌ وتیشی، پێویستە هێزەكانی توركیا ناوچەكانی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی جێبهێڵن و ڕێگە بە هاووڵاتییە خۆجێیەكانی ئەو ناوچانە بدەن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەشی ئاشكرا كرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كردنەوەی ڕێگە سنوورییەكان شكستیان هێناوە و هاوكارییە مرۆییەكان ناگەنە دەستی ئاوارە و دانیشتووانی ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای سوریا.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، هەر لە سەرەتای ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریادا، جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی دیمەشقدا كردووەتەوە، وتیشی لێدوانەكانی بەشار ئەسەد لەبارەی هێزەكانی هەسەدەوە دوژمنكارانەیە و ڕێگە لە چارەسەركردنی كێشەكان دەگرێت.