سەردێر

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێم ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە ئاشكرا دەكرێت

 

خەڵك-

ڕاوێژكارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تائێستا نزیكەی 314 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە، ئاماژە بەو هەوڵانەش دەكات كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خراونەتەگەڕ بۆ كڕینی ڤاكسینەكان.

د.ئارام ڕۆستەم ڕاوێژكارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند” ئەو ڤاكسینەی بۆ كوردستان دێت بەشێكە لەو بڕە ڤاكسینەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ گرێبەستی كردووە لەگەڵ (COVAX) كە بڕیار وایە لەساڵی2021، لە 20% ی دانیشتوانی عێراق بكوترێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەو بڕە لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵەوە بۆمان دێت بەگوێرەی دانیشتوانی پارێزگاكان دابەشدەكرێت، چۆن بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق دابین دەكات ئاواش بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت و پرۆسەكە بەردەوامە.”

 

بە وتەی د.ئارام ڕۆستەم”داتایەكمان لایە ئەو ڤاكسینەی بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە نزیكەی 500 هەزار ژەمە ڤاكسینە، ئەوەی بەتەواوەتی وەرگیراوە كۆی گشتی نزیكەی سێ سەد و چواردە هەزار ڤاكسین وەرگیراوە تائێستا بەهەردوو ژەمەكە، واتە ئەگەر ڕێژە بیڵێین لە 3% بۆ 4% دانیشتیوانی هەرێمی كوردستان كوتراوە، بەڵام وەكو (Target group) وەكو گروپە بەتەمەنەكانیان پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی لەڕیزی پێشەوەی كۆرۆنان نزیكەی لە 80% ئەوانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادان.”

لەبارەی خاوی لە پرۆسەی كوتانی هاووڵاتیان لە هەرێم، ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی تەندروتی وتی”هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو بڕە ڤاكسینە بۆ 20% دانیشتیوانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو گروپانەن كە (Risk group) واتە گروپی مەترسیدارن، ئەوانەی كە چارەسەری كۆرنا دەكەین لە پزیشكان و كارمەندان و ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 60 ساڵەوەیە و نەخۆشی درێژخایەنی شەكرە و دڵ و نەخۆشی تریان هەیە بۆ ئەوانەیە زیاتر ، بەداخەوە سەرەتا خەڵك كەمتر دەهات بۆ كوتان بەڵام ئێستا خەڵكێكی یەكجار زۆر خۆی تۆمار كردووە، ڕەنگە ئەو تەمەنە تەمەنی كوتان نەبێت ئەوەی ئێمە بۆمان دیاریكردووە بۆیە زۆرجار توشی ئەوە دەبن كە ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ بكەن.”

د.ئارام ڕۆیستەم دەڵێت” بەهۆی ئەم دۆخەوە داواكاری لەسەر ڤاكسین یەكجار زیادیكردووە ئێمە بەڕاستی ناتوانیین ئەو بڕە ڤاكسینە بۆ هەموو خەڵكی دابین بكەین بۆیە داوا لەو كەسانە دەكەین كە تەمەنیان لەسەرو 60 ساڵیەوەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەوانە زیاتر بێن، ئەوانەش كە ناویان تۆمار كراوە ئەوانەش ناوەكانیان دێتەوە، داوا لە خەڵك دەكەین زیاتر خۆیان بپارێزن، وە ڕێگە بدەن بەوانەی كە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەوانە بكوترێن.”

لەبارەی تەمەنە لەبارەكانیش بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، د.ئارام ڕۆستەم دەڵێت”ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەوانە بەڕێژەیەكی باش كوتراون، ئەوانەی خۆیان سەردانی بنكەكانیان یان لە ڕێگەی ئەو ناو تۆماركردنەوە بۆیە ئێستا ئەو كەسانە دەكوترێن كە تەمەنیان هەیە و بەڵام نەخۆشی درێژخایەنیشیان نییە ئەوانەی لەسەرو 60 ساڵیەوەن بەڵام بۆئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵمانداوە خۆمان ڤاكسین بكڕین بۆنموونە لەگەڵ زۆربەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسین قسەمان كردووە لەوانە كۆمپانیای فایزەر و كۆمپانیای ئەسترازینكا و كۆمپانیای سینۆفارم لە گفتوگۆداین بەڵام هێشتا نەمانتوانیووە گرێبەستێكی یەكجاری بكەین لەگەڵیان.”

د.ئارام ڕۆستەم ئاماژەی بە پێشوازی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەو ڕوەوە دەڵێت” پێشوازیەكی زۆر باش هەیە لە وەرگرتنی ڤاكسین، خەڵك ئێستا خۆی تۆماركردووە وەكو باسمكرد ئەو بڕە ڤاكسینە ڕێژەكەی كەمە، وە بەشی هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ناكات.”

ڕاوێژكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو” ئەوەی ئێستا هەیە فایزەرە، وە لەو هەفتەیەشدا ئینشەڵا ئەسترازینیكا و ئۆكسفۆردیشمان بۆ دێن هەروەها بەشێك لە سینۆفارمیش دێت هۆكاری یەكەم ئەو كۆمپانیانە، كۆمپانیای فایزەر تەنها مامەڵە لەگەڵ(COVAX ) دەكات كە بۆ دابینكردنی ڤاكسینە بۆ وڵاتانی هەژارانی وڵاتانی سێیەم دیارە (COVAX) یش زیاتر مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەكات، هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە بۆیە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن لەگەڵییان بەڵام خۆشبەختانە ئەو وەفدە كوردییەی لە ئەمەریكان ئێستا هەوڵمانداوە ئەوان بتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر دابنیشن و بڕێك ڤاكسینمان بۆ بكڕن بەڵی ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراقدان لە ئەمەریكان وەفدێكی كوردستانن فوئاد حسێن، ئامانج ڕەحیم هەندێك برادەری ترن هەوڵدەن ئەو شتانەمان بۆ بكەن، وە لەگەڵ كۆمپانیای ئەسترازینیكا و ئۆكسفۆرد گەیشتینە ڕێككەوتنێكی نزیك.”

” بێگومان ئێمە بەرپرسیارین لە دابینكردنی ڤاكسینێكی تەواو سەلامەت ئەگەرنا چەندەها كۆمپانیا هاتبوون و وتیان ڤاكسینتان بۆ دێنین بەڵام نەیانتوانی تەخویلی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر بهێنن ”

د.ئارام ڕۆستەم دەشڵێت” ئەو ڤاكسینەی بۆ ئێمەیان دانابوو ڕاستە ڤاكسینی ئەسترازینیكایە بەڵام لە ڕوسیا بەرهەم دێت، ئەوەش تائێستا پەسەند نەكراوە لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بۆیە ئێمە ناتوانیین بیكڕین بێگومان ئێمە بەرپرسیارین لە دابینكردنی ڤاكسینێكی تەواو سەلامەت ئەگەرنا چەندەها كۆمپانیا هاتبوون و وتیان ڤاكسینتان بۆ دێنین بەڵام نەیانتوانی تەخویلی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر بهێنن نەیانتوانی ئەوراقەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بهێنن لەوانە (certificate of origin, Certificate of Analysis) دەبێت هەموو ئەو شتانە هەبێت بەتایبەتی لە ڤاكسین بۆیە ئێمە نەمانتوانی لەبەر سەلامەتی لێیان بكڕین. ”

د.ئارام ئاماژەیكرد” (WHO) هاوكارمان بووە بەڵام ڕەنگە وەكو پێویست نەبێت، دوێنێ كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەڕێز نوێنەری(Regional office of WHO) قسەمانكردووە زۆربەی بەڕێوەبەر گشتیەكان و ڕاوێژكارانی وەزارەت لەوێ ئامادەبوون داوامانكرد بەڵكو WHOهەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆئەوەی ئێمە بتوانیین ڤاكسین بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین جگە لەو بەشە ڤاكسینەی كە لە بەغدادەوە دێت.”