سەردێر

یەختێك لەڕیگەی توركیا- ئیتاڵیا نوقمى ئاو بووە و زۆربەی سەرنشینەكانی كوردن

خەڵك-
یەختێك كە دوێنێ‌ لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتووە، بەهۆی بەرزی شەپۆلی دەریاوە نوقمی ئاو بووە و دەوترێت زۆبەری سەرنشینەكانی كوردن و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن.

ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وڵاتی یۆنان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوێنێ‌ یەختێك لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا لەڕێی دەریای ناوەڕاست و بەشێوەی قاچاخ بەڕێكەوتووە، بەڵام لە نزیك دوورگەی كریتی یۆنانی، بەهۆی بەرزی شەپۆلی دەریاوە نوقمی ئاو بووە.

بە وتەی سەرچاوەكە، یەختەكە 45 سەرنشینی تێدابووە و پێدەچێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی شەپۆلی دەریادا، قورسی بارەكەشی هۆكارێكی تری نوقمبوونی بێت.

سەرچاوەكە وتی”جگە لە 9 كەس كە لە سەرەتاوە بێسەروشوێن بوون، تێكڕای سەرنشینەكانی كە زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، ڕزگاركراون، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشدا پاشماوەی كۆچبەرەكانی تر لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنەوە ڕزگارگران و برانە نەخۆشخانە”.

سەرچاوەكە پێشبینی كرد لەلایەن پۆلیسی یۆنانییەوە لە پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوە لەگەڵ كۆچبەرەكان، بۆ توركیا دیپۆرت بكرێنەوە، چونكە لەئێستادا ڕێكەوتنێكی تۆكمە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا كراوە بۆ ڕێگرتن لە كۆچی نایاسایی لە توركیاوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.